کابرایەک بە ڕێبواری ڕێی ئەکەوێتە ماڵە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  496 بینین

کابرایەک بە ڕێبواری ڕێی ئەکەوێتە ماڵە گۆرانێک، شەوێ نان دائەنێن، کابرای میوان هەتا لووتی دێتەوە ئەخوا، هیچ نامێنێ، کابرای خانەخۆی بانگ ئەکا: ئا کچە! نان بێنە؛ نانی تر دێنن، میوانە ئەویش ئەخوا. کابرا ناچار بانگ ئەکا نانی تر بێنن، نان نەماوە؛ ژنی خانەخوێکە ئەچێتە ماڵە دراوسێی پانزە-بیست نانێکی تر بە قەرز دێنێ. میوانە ئەویش ئەخوا، لە پاشا کە هیچ نامێنێ، چارناچاری دەست هەڵئەگرێ.

لە دەمەدەمی نووستنا خانەخوێکە ئەپرسێ:« برا بەخێر، ئەوە بۆ کوێ ئۆغر بێ؟» ئەویش ئەڵێ: «ئۆغرت خێر بێ، بە خوا مەعیدەم گیراوە هیچم پێ ناخورێ، ئەچم بۆ سەر حەکیم». کابرا ئەڵێ: «کەواتە تکایەکت لێ ئەکەم، کە هاتییەوە بە لایەکی ترا بچۆرەوە بۆ ماڵی خۆتان».