ساڵێک پشێوییەک کەوتە سلێمانییەوە لەو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  449 بینین

ساڵێک پشێوییەک کەوتە سلێمانییەوە، لەو پشێوییەدا پیاوێک هەبوو حاجی عەلی کۆڵەکیان پێ ئەوت و پیاوێکی دەوڵەمەند بوو، ویستی چەند دووکانێک دروست بکا. پیاوێکی ئاسنگەری هێنابوو بۆ ئەوەی ئاسنەکانی لەسەر دیوارەکەوە بۆ دامەزرێنێ، پێی وتبوو: ئەم ئاسنانە جووت جووت بخاتە پاڵ یەک. ئاسنگەرەکە لە ئیشی خۆی بۆوە، حاجی چوو سەیری کرد، تەماشای کرد ئاسنەکان یەکە یەکە دانراون!

بە ئاسنگەرەکە ئەڵێ: وەستا بۆچ وات کردووە؟ من پێم نەوتی جووتە جووتە دایاننێ؟ وەستاش ئەڵێ:« حاجی ئەم قسەکردنەی پێ ناوێ، لە پاش ساڵێکی کە، ئەم دووکانانە ئەبن بە هی ئێمە، کەوابوو من خۆم ئارەزووم کرد کە وابێ، تۆ بۆچ ئەوەندە دڵت پێ ئەسووتێ؟» حاجیش ئەڵێ:« دڵم بە دووکانەکان ناسووتێ، دڵم بەو قەومە ئەسووتێ کە پیاوی وەکوو تۆی تیایە، ئەو پیاوە کە من پێی ئەڵێم بە پارەی من دووکان بۆخۆت دروست کە، کەچی ڕازی نابێ چاکی دروست بکا».