کابرایەکی کورد ئەچێتە ئەو ئاڵانە بۆ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  583 بینین

کابرایەکی کورد ئەچێتە ئەو «ئاڵانە» بۆ مێوژکڕین. ڕێی ئەکەوێتە ماڵێک، ماڵەکە پیاویان لە ماڵەوە نابێ هەر ژنەکە ئەبێ، لێی ئەپرسێ: مێوژتان هەیە؟ ژنەش ئەڵێ: هەیە. پیاوەکە ئەچێ دائەنیشێ و ژنە نانی بۆ دائەنێ. لەو کاتەدا ژنەکە بایەکی لێ بەرئەبێتەوە، زۆر تەریق ئەبێتەوە. کابرا نان ئەخوا و لە پاشا ئەڵێ: مێوژەکە لە کوێیە، بمدەرێ. ژنەش ئەڵێ: ئەوەتە لەو کەنووەدا، خۆت بچۆ هۆڕەکەتی لێ پڕ کە.

کابرا ئەچێ ئەنیشێ بە بەر کەنووەکەوە. مێوژەکەش تۆزێ شێی هەڵ هێنابوو. کابرا بە ئارەزووی خۆی هۆڕ دائەگرێ و دارکوتی ئەکا. ژنەش لە تەریقی تڕەکە هیچ دەنگ ناکا و وا ورگیشی لە داخی بێئینسافی کابرا ئاوساوە. کابرا ئەوەندە بە سمڕسمڕ و بێویژدانانە هۆڕەکە دائەگرێ، کتوپڕ ئەویش تڕێک ئەکەنێ. ژنە لە شوێنەکەی خۆی ڕائەپەڕێ و ئەچێ لە پشتەوە ئەنەوێ لە یەخەی کابرا و ئەیکێشێتە دواوە: «برام هەڵسە! تڕ بە تڕ، مێوژ نافرۆشم، خۆ تۆ دیقت بە من کرد».