کابرایەکی کورد ژنێکی هەبوو هەموو جار بە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  549 بینین

کابرایەکی کورد ژنێکی هەبوو، هەموو جار بە دارێکەوە بەر ئەبووە سەروگوێلاکی و دایئەپڵۆسی و کابراش هیچ دەرەتانێکی نەبوو. فیکری کردەوە بچێتە لای مەلا شکات لەم ژنە بکا.

مەلایەک لە گوندەکەیانا بوو، چوو بۆ لای، کە گەیشتە بەر قاپی ماڵی مەلا، سەیری کرد لە ژوورەوە زرموکوتە و مەلا هاتە دەرەوە و دەستی گرتووە بە سەرییەوە، کە چاک تەماشای کرد، تومەز مەلاژن بە قاپقاپێکەوە هاتووەتە وێزەی مەلا و سەروبەچکی شکاندووە! کابرا کە ئەمەی دی، لووس و باریک بە شوێنەکەی خۆیا گەڕایەوە.

لەو کاتەدا مەلا چاوی پێ کەوت، بانگی کرد: وەرە برام بزانم ئیشت چییە؟ ئەویش وتی: «قوربان! دوعای سەری تۆ، هیچ ئیشم نەبوو. وتی: نا، بێئیش نیت کە هاتوویت. وتی: وەڵڵا ئەوی ڕاستی بێ، حاڵم شڕ بوو بە دەست ژنەکەمەوە، هەموو جار بە داردەستەکێ تێروپڕم لێ ئەدا. وتم با بچم لای مەلا شکاتی لێ بکەم، سەیرم کرد مامۆستا ئەمە حاڵییەتی! وتم کەواتە با بگەڕێمەوە.

مەلا وتی: «بچۆ پێی بڵێ بەو کاولییە حەقی نییە بە داردەستەک لێت بدا، شەرع ئەفەرمووێ هەر هەقی قاپقاقپییان هەیە و هیچی تر!» کابرا وتی: کەواتە دەک موبارەک نەبێ!»