کابرایەک هەبوو کوڕێکی بێگوێ و لاساری...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  532 بینین

کابرایەک هەبوو کوڕێکی بێگوێ و لاساری هەبوو، هەرچی ئەو ئەیوت، کوڕە پێچەوانەی ئەکرد. بیوتایە: بچۆ بۆ جووت، نەئەچوو. بیوتایە: مەچۆ بۆ ئاش، ئەچوو. بیوتایە: نان بخۆ، ئەو نەیئەخوارد. بە کورتی هەرچی بوتایە ئەو وای نەئەکرد. بەم جۆرە کوناوە جەرگی کردبوو.

ڕۆژێک بارێ ئاردیان نابوو لە گوێدرێژێک و لە ئاش هاتبوونەوە گەیشتنە ناو ئاوەکەی «بوارەپان». بارەکە لار بووبۆوە، وەخت بوو بکەوێتە ئاوەکە، باوکەکە تۆزێ دوور بوو لە بارەکەوە، ڕۆحی چوو. (لە دڵی خۆیا وتی) ئەگەر ئێستە ئەڵێم بەم هەتیوە بارەکە ڕاست کەوە با نەکەوێتە ئاوەکەوە، ئەترسم بچێ بیخاتە ئاوەکەوە. لە دوورەوە بانگی کرد: «ئا ڕۆڵە! پاڵێ بەو بارەوە بنێ با بە تەواوی لار بێتەوە و بکەوێتە ناو ئاوەکەوە».

کوڕە وتی: «بابە بە خوا تا ئێستە گەلێ بێقسەییم کردوویت، ئیتر خوا غەزەبم لێ ئەگرێ، وەڵڵا ئەم جارە بە گوێت ئەکەم و لە قسەت دەرناچم». پاڵێکی نا بە بارەکەوە تا باوکی وتی کوڕە نەکەی، هەتیو بارەئاردی خستە ئاوەکەوە.