جارێک ئەم شێخ مەحمووی مەلیکە بە دیلی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  613 بینین

جارێک ئەم شێخ مەحمووی مەلیکە بە دیلی برابووە بەغدا، لەوێ بە سەربەست ئەسووڕایەوە و دیوەخانی ئەگەڕا. پیاوماقووڵ و گەورەکانی بەغدا هاتووچۆیان ئەکرد و دۆستایەتییان لەگەڵا پەیدا کردبوو. وەکوو ئەوان ئەچوون، کوردەکانیش لە هەموو لایەکەوە وەکوو پوورەی هەنگ لێی کۆ ئەبوونەوە. شێخ مەحموو وەکوو ڕەوشتە چاکەکانی تری، پیاوێکی ڕووخۆش و بەڕێز بوو بۆ هەموو کەسێک، زیاتر بۆ کوردەکان. کە کوردێک ئەچووە لای و یا لە هەموو دەورێکیا کوردێکی چاو پێ ئەکەوت، وەکوو خونچە بە دەمییەوە ئەپشکوتەوە!

جا لەو کاروانەیا ڕۆژێک لە دیوەخانەکەی خۆیا لەگەڵ چەند کەسێک لەو پیاوە گەورانەی بەغدا دائەنیشن. یەکێک لەو پیاوانە زۆرتر وەختی لەگەڵ شێخا ڕائەبووارد. هەموو جار سەیری ئەکرد کە کوردێک دەرئەکەوت -بە تایبەتی ئەگەر ڕووتەڵەش بووایە- شێخ مەحموو زۆر بە سۆز پێشوازی ئەکرد و قسەی خۆشی لەگەڵ ئەکرد.

ئەو ڕۆژە هەندێک بە ڕانکوچۆخەی شڕەوە ئەچن بۆ لای شێخ مەحموو و ئەویش -بە تایبەتی کە ئەو بێگانانە دانیشتوون- زیاد لە ئەندازە پێشوازییان ئەکا و بە دەوریانا دێت. هەمان پیاو ئیتر پێی هەڵناگیرێ، ئەڵێ: «یا شێخ! ئەمە چییە وا تۆ ئەوەندە بە شانوباڵ و دەوروبەری ئەم ڕووتەڵانەدا دێیت؟ پایە و شوێنی تۆ -کە پایەی مەلیکە- گەلێ دوورە لە شوێن و پایەی ئەمانەوە. کەواتە پێی ناوێ وا بەو جۆرە بچی بە دەمیانەوە». ئەویش تەنها بەم قسەیە وەڵامی ئەداتەوە، ئەڵێ: «ئابرام! ئەگەر ئەمانە -کە ئێستە تۆ ئەڵێی ڕووتەڵەن- نەبن، من مەلیک نیم؛ کەواتە ئیتر چۆن پێشوازییان نەکەم؟» کابرا و دانیشتووانی دیوەخانەکە لەم وەڵامە بە جارێ ئەکەونە گۆمی فیکرەوە.