شێخ مەحمووی شێخ سەعید -ئەو شێخ مەحمووە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  630 بینین

شێخ مەحمووی شێخ سەعید -ئەو شێخ مەحمووە کە بێگومان لەم چەرخەدا گەورەترین پیاوێکی کوردە و بەناوبانگترین ناودارێکی کورد بوو- لەو ڕۆژەوە کە لە بێشکەدارا بوو تا ئەو ڕۆژەی چووە بێشکەی خاکەوە -واتا ماوەی ٧٨ ساڵ ژیانی- (خۆی) بە شۆڕش و هەرا و بە پێشکەوتنی کوردەوە خەریک کرد. ماوەی ژیانی ئەو، مێژوویەکی ڕووناکی سیاسی کورد بووە، گەلێ لاپەڕەی هەڵدایەوە و گەلێ ڕۆژگارانی ئاژاوەی چاو پێ کەوت، هەر بۆ ئەوەی کورد لە کۆڵیتی بێنەواییەوە بکەوێتە کۆشکی ئازادی. لەم ڕێگەیەدا گەلێ چەوسانەوە و کارەساتی بەسەر هات. ئێران و تووران و هیندووستان نەما نەچێ و نەیبەن؛ جارێک دەستی بە تفەنگەوە، جارێک دەستی بە دەسبەنەوە، جارێک بە ناوی «مەلیکی»یەوە، جارێک بە ناوی «دیلی»یەوە!

لە ئەنجامی ئەم کارەساتانەدا شێخ مەحموو گەیشتە شوێنێک کە ناو ئەبرا بە مەلیک و پێی ئەوترا مەلیکی کوردستان. هەم خۆی ناوی وەرگرت، هەم کوردستان، دیارە ئەمە لاپەڕەیەکی زێڕین بوو هەم بۆخۆی، هەم بۆ کوردستان، بۆخۆی چونکە ڕەنگە تا ئەم دەورەیە کوردستان بەم ناوەوە، ئەو ناوەی بە خۆیەوە نەدیبێ.

لەگەڵ ئەمانەشا شێخ مەحموو نەوەک تەنها هەوای مەلیکی و بەرزی مادی لە سەرا بووبێ، بەڵکوو هەوای ڕوحیات و مەعنەویاتی گەلێ زیاتر بوو لە هەوای پێشووی.

لێرەدا لەسەر پێوشوێنی پادشا بەرزەکانی کۆن ئەچوو بەڕێوە، دیوەخان ڕابواردنی لەگەڵ ئاشنایانی ئەدەب و زانستیدا بۆ باری ئەدەب و شیعر و قسەی جوان و پڕمەعنا کەمتر نەبووە لە دیوەخانی ئەو پادشایانەی کە ئێستە بە سەدها کتێب لەسەر قسە و نوکاتیان نووسراوەتەوە. بەڵام داخی گرانم چونکە زمانی کوردی -لەبەر هەر شتێک بووبێت- بێناز بووە، خۆی و پیاوی و قسەی جوانی هەموو بوون بە ژێر لێوەوە و وەکوو خۆیان بێناز ڕۆیشتوون! داخی گرانم ئەگەر نووسراوی کوردی بە زمانی کوردی ببوایە، ئەبێ لەو بڕوایەدا بین کە ئێستە کتێبخانەی نووسراوی کوردی کەمتر نەئەبوو لە کتێبخانەی ئەو قەومانە کە شانازی بە نووسراو و زمانی خۆیانەوە ئەکەن!

تو خوا با ڕۆژگار لاپەڕەی ژیانی شێخ مەحمووی مەلیکیش بشارێتەوە، وەکوو لاپەڕەی ژیانی هەزاران پیاوی ناوداری کوردی شاردۆتەوە. «تلک الایام نداولها بین الناس».