دوو کابرای کورد دەستەبرا بوون یەکتریان...
دوو کابرای کورد دەستەبرا بوون، یەکتریان زۆر خۆش ئەویست. ڕۆژێک پێکەوە چوون بۆ حەمام، یەکێکیان زوو هاتە دەرەوە، تەماشای کرد دەفتەرێکی بچووکی باخەڵی هاوڕێکەی داکەوتووە، هەڵیگرت. کەچی لاپەڕەیەکی لێ کەوت، سەیری کرد نووسرابوو: ئەو شتانە کە بۆ فڵانی هاوڕێم خەرج کردووە؛ فڵان ڕۆژ بانگێشتم بۆ کرد، دە قڕان. فڵان ڕۆژ سەعاتێکم بە یادگار بۆ نارد، چل قڕان. فڵان ڕۆژ بۆ کوڕەکەی دەستێ جلم کرد، پەنجا قڕان. بەم جۆرە سیاهەیەکی زۆری گرتبوو. کابرا دەفتەری لێک نا و پەڕەکەی تێخستەوە و ڕۆیی.
هاوڕێکەی کە لە حەمام هاتە دەرەوە پرسی: فڵان کەس چی لێ هات؟ وتیان: ڕۆیشت. زۆری بەلاوە سەیر بوو، چونکە تا ئەو وەختە یەکتریان بەجێ نەهێشتبوو. خەیاڵی کرد نەوەکوو نەخۆش بووبێ، بەپەلە چووە ماڵەکەیان، تەماشای کرد لە ماڵەوە دانیشتووە، بەڵام زۆر مات و دڵگیرە و وەکوو جارانیش بە پیرییەوە نەهات. لێی پرسی: براکەم! ئەوە بۆچی لە حەمام بەجێت هێشتم؟ بە عاجزییەوە وتی: ئیشم هەبوو. پرسی: تو خوا بۆچی عاجزی؟ وتی: عاجزی لە دڵی خۆمایە. ئاخری سوێندی دا کە پێی بڵێ، ئینجا وتی: «ڕەفیق! من و تۆ ئیتر برایەتیمان نەما، چونکە تۆ لەو ڕۆژەوە کە بووین بە دەستەبرا، ئەگەر جگەریەکەت دابێ بە من پارەکەت لەسەرم نووسیوە، وا بزانم تۆ داوای پارەی ئەو شتانە -کە دەفتەرت گرتووە- لێم بکەی!»
هاوڕێکەی پێکەنی، وتی: ئەزانم چاوت بە دەفتەرەکەی باخەڵم کەوتووە، لەوە دڵگران بووی. گیانەکەم! ئەو دەفتەرە بۆ ئەوە نەگیراوە کە خوانەخواستە داوات لێ بکەم. بۆیە گرتوومە ئەگەر ڕۆژێک لەسەر شتێکی هیچوپووچ دڵم بڕەنجێ، تەماشای دەفتەرەکە بکەم و بڵێم: هەی های! من ئەوەندە و ئەوەندە پارەم لەم دۆستەی خۆما خەرج کردووە، ئێستە لەسەر ئیشێکی وەها واز لەم هەموو برایەتییە بێنم؟ مەبەستەکە ئەوەیە، نەوەک پارەکە. ئیتر هاوڕێکەی ئەمەی بیست، دڵی چاک بۆوە و دۆستایەتیان لە جاران زیاتر بۆوە!