کوڕە دەوڵەمەندێکی نازیرەک لەگەڵ لەلەکەی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  510 بینین

کوڕە دەوڵەمەندێکی نازیرەک لەگەڵ «لەلە»کەی چوونە ماڵێک، دوو سێویان بۆ هێنان، بۆیان دانان. کوڕە سێوی خۆی هەڵگرت و دەستی کرد بە قەپاڵ لێدانی. هەرچەن لەلەکەی چاوی لێ هەڵتەکان کە نەیخوا، کەڵکی نەبوو، کوڕە تێنەگەیشت. کە هاتنە دەرەوە لەلە وتی: «ئەوە بۆچی تۆ ئەو میوەیەت خوارد؟ کە جارێکی تر شتی وا جوانیان بۆ هێنای، یەک دوو جار بۆنی بکە و بیخەرە باخەڵتەوە». کوڕە وتی باشە.

جارێکی تر چوونە ماڵێکی کە، بە ڕێکەوت «کفتەیان» هەبوو، لەسەر دەوری دوو کفتەیان هێنا، یەکێ بۆ لەلە و یەکێ بۆ کوڕەئاغا. کوڕەئاغا هەر دەستی دایە کفتەکەی خۆی، دوو جار بۆنی کرد و نایە باخەڵییەوە! ئیتر لەلە هەڵسا و هاتە دەرەوە، وتی: «ڕۆڵە! ئەوە بۆچی ئەو کفتەیەت خستە باخەڵتەوە؟» وتی: ئەی تۆ نەتفەرموو؟ وتی: «باوکم من کاڵم پێ وتی بۆنی بکە و بیخەرە باخەڵتەوە یان کوڵاو؟»