سەعدی (شاعیری شیراز) حەکایەتێک ئەگێڕێتەوە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  572 بینین

سەعدی (شاعیری شیراز) حەکایەتێک ئەگێڕێتەوە، ئەڵێن کارەساتەکە لە کوردەواری بووە، ئەڵێ:

«کوڕە دەوڵەمەندێک و کوڕە هەژارێک چوونە سەر قەبران بۆ سەر گۆڕی باوکیان. گۆڕەکانیان نزیکی یەک بوون. گۆڕی دەوڵەمەندەکە بە بەرد و بە خشت و گەچ هەڵبەسترابوو، جوان ڕازێنرابۆوە؛ هی هەژارەکە لەگەڵ ئەرزەکە یەک بوو. کوڕەکان ئەکەونە قسەکردن. ئاخری کوڕەدەوڵەمەند وتی: «تەماشا کە گۆڕی باوکم چەند جوان هەڵبەستراوە! گۆڕی باوکی تۆ خۆڵیشی بە سەرەوە نەماوە». کوڕە هەژارەکەش وتی: «قوڕ بەسەر خۆت و ئەقڵت! کاتێ کە پێیان وتن هەستن بچن بۆ بەهەشت، (باوکی تۆ) هەتا لە ژێر ئەو هەموو بەرد و خشتە بە نیخەنیخ دێتە دەرەوە، باوکم چوار کۆشک لە بەهەشتا بۆخۆی داگیر ئەکا!»