مەحووی سۆفی مەحموو ناوێکی بۆ مجەوری خان...
لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
1 خولەک
834 بینین
مەحووی، سۆفی مەحموو ناوێکی بۆ مجەوری خانەقا گرتبوو، دوانزە ساڵ بوو مجەور بوو، مەگەر شێخ زۆری درۆ لێ بیستبوو. شەوێکی زستان لە دوای نوێژی خەوتنان شێخ ئەڕواتەوە بۆ ماڵەوە، لە هەیوانی خانەقا لە تاریکیدا تووشی زەلامێک ئەبێ ئەپرسێ: کوڕە کێیە؟ کابرا ئەڵێ: منم. شێخ دیسان ئەپرسێ: تۆ کێیت و ناوت چییە؟ ئەڵێ: قوربان سۆفی مەحمووی مجەورم. مەحووی قۆڵی ئەگرێ و ئەیباتە ژووری خانەقا و بانگ ئەکا: ئەرێ خەڵکینە ئێوە و خواتان، ئەم پیاوە کێیە کە دەستی بە دەستمەوەیە؟ خەڵکەکە هەموو ئەڵێن: قوربان سۆفی مەحمووی مجەور. ئینجا شێخ ئەڵێ: ئافەرین سۆفی مەحموو ڕەحمەت لە بابت. خەڵکەکە ئەڵێن: یا شێخ ئەوە مەبەستت چییە؟ ئەڵێ: خەڵکینە خۆتان ئەزانن ئەم پیاوە دوانزە ساڵە لە لامە و لە خانەقایە و مجەورە، لەم دوانزە ساڵەدا ئیمشەو ئەم ڕاستییەم لێ بیست کە وتی: من سۆفی مەحموودم!