مەحموو پاشای جاف یەکێک بوو لە پیاوە هەرە ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  605 بینین

مەحموو پاشای جاف، یەکێک بوو لە پیاوە هەرە گەورەکانی کورد، ئەو پیاوە بوو کە لەگەڵ وەسمان پاشای برایا دەستە جڵەوی عەشرەتی جافیان گرتبووە دەست و هەڵیان ئەسووڕاند، ئەو عەشیرەتە کە خاوەنی چل هەزار خێوەت و لە شەکەل و شیروانەوە دایانگرتبوو تا شاقەڵا و بس و مەولاناوا. ئەمە لە لایەکەوە، لە لایەکی ترەوە ئەم پاشایە وڵاتانی دیبوو، پیاوانی گەورە و کۆشکی والی و پادشاهی دیبوو، لە هەر لایەک گوڵێکی چنیبوو، لە هەر شوێنێک ئەدەبێکی وەرگرتبوو، لە ئەنجاما خۆی ببوو بە پیاوێکی ئەدەبپەروەری کورد. بەو زەکا و ئەدەبەوە سەرۆکی ئەو عەشرەتەی ئەکرد کە هەریەکە لە تەلێک لێیان ئەدا و هەر یەکە جۆرە ئەقڵێکیان هەبوو.

بەڵێ لە ڕەمەکی جافا گەلێ پیاوی ژیر و دانا هەڵکەوتووە، ئەبێ هەڵکەوێ، چونکە نەسیمی دەربەندان و هەوای دەشتان کە تێکەڵ بە جریوەی ئەستێرەی ئاسمان بوو، دیمەنەکەیان ئەکاتە کارێ کە لالغاوەی فیکر و هۆشی پیاوی هەوارگەڕی ئەو دیمەنە لێک بکشێنێتەوە و باوەڕی سافی وەکوو دوڕڕ دەربڕێ. وەکوو ئەمە ئەبێ گەلێ پیاوی ساویلکەش لەو کۆڕەدا ئەکەوێتە مەیدانەوە کە ئاسۆی فیکری تەنها پڕی مێشکەکەیەتی و هیچی تر! جا پیاوێک کە سەرۆکی عەشرەتێکی وا بگرێتە دەست، ئەبێ دانایییەکەی و فراوانیی دڵەکەی گەلێ گەورەتر بێ لە گەورەییی ئەو عەشرەتە، ئەگەر وا نەبێ عەشرەتداری پێ ناکرێ. ڕاستە پێی ناکرێ؛ چونکە ئەزانێ ئەمانە بە دڵێکی سافەوە قسە ئەکەن و قسەکەشیان گەنجینەیەکی گەوهەرە بۆ زمانەکەیان. بۆیە مەحموو پاشا هەموو جار لەگەڵ هەرکەس لە پیاوی عەشرەتەکەدا بەپێی عەقڵی ئەو قسەی لەگەڵ کردووە و لە پێکەنین بەولاوە هیچی تری نەداوە بە ڕوویا، هەر ئەم دڵفراوانی و عەشرەتدارییەی ئەو بووە کە کردوویەتیە کارێ نوکاتی ئەدەبیی بەنرخی کوردی بۆ زمانی کوردی ماوەتەوە و بووە بە گوڵدەستەیەک بۆی. لەمانەش وەکوو ئەوە ئەڵێ: جارێک کابرایەکی کورد کەرێکی ئەدزرێ و لای کابرایەکی تر بە سەری ئەکاتەوە و لێیان ئەبێتە مڕومشت، لە ئاخرا ئەچن بۆ لای مەحموو پاشا بۆ شکات. ئەمیان ئەڵێ: کەری منە و ئەویشیان ئەڵێ هیی ئەو نییە. لە ئاخرا کابرای خاوەن کەر ڕوو ئەکاتە مەحموود پاشا و ئەڵێ: پاشا وە قەورەکەی حەمە پاشا، چۆن تۆ ئەناسم، ئاوا کەرەکەی خۆمیش ئەناسم، ئیتر بێژم چی ئەم کاورایە لێم چوگەسە چەقی لەعنەتا و نامداتەوە! کابرای تریش ئەڵێ: دەسا پیاگی درۆزن ئەو قەننەی پاشایە وە قنگی! دیارە تۆ پاشا ناناسی ئەگینا کەری خۆتت ئەناسییەوە! پاشا بەم قسەیە دەست ئەکا بە پێکەنین و ئەڵێ: برا بڕۆ کەرەکەی پێ بدەرەوە، کەری خۆیەسی، من خاس ئەناسێ!