مەلایەک کابرایەکی شوانی فێری نوێژ و فاتیحا ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  578 بینین

مەلایەک کابرایەکی شوانی فێری نوێژ و فاتیحە دەکرد. هەرچەندی لەگەڵ خەریک بوو هیچ کەڵکی نەگرت و فێر نەبوو هەر ڕەوانی ئەکرد و زۆری پێنەچوو لە فیکری ئەچۆوە.

ڕۆژێک مەلا وتی: ئەمە وا نابێ، ڕووی کردە کابرا و وتی: خۆ تۆ لە مەڕ و ماڵات زۆر چاک ئەزانی و ئەوانەت لە فیکر ناچێتەوە؟ وتی: بەڵێ. وتی: کە واتە چەند مەڕێک بێنەرە پێشەوە، تا بە هۆی ئەوانەوە هەر ئێستا فاتیحاکەت ڕەوان کەی!

کابرا چەند مەڕێکی لە ڕانەکە جیا کردەوە و مەلا چوو ملی مەڕێکی گرت و وتی: باوکم ئەمە الْحَمْد لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَعەرەبی بێ. مەڕێکی تری هێنا وتی: ئەمە الرَحمن الرَحیم بێ. مەڕێکی تر وتی: ئەمە مالکِ یَوم الدین بێ. بەم جۆرە هەر ئایەتێکی کرد بە ناوی مەڕێک و کابرا زۆری نەخایاند سوورەی فاتیحای بە پوختی ڕەوان کرد. مەلا وتی: ئنجا بۆم بخوێنەوە بزانم چۆنیت. بۆی خوێندەوە زۆر تەواو بوو. لەپاش چەند ڕوژێکی تر مەلا وتی: ئا وەرە فاتیحاکەم بۆ بخوێنەوە بزانم لە فیکرت نەچۆتەوە؟ هات و دەستی پێکرد: «الحَمد لِلّـه رَبّ العالَمين، مالك يَوم الدّين، صراط الّذينَ غَير المَغضوب عَلَيهمعەرەبی ئامین». مەلا وتی: ئەوە تۆ چی ئەڵێی، ئەی ئەوانی تری؟ وتی: مامۆستا «الرَحمن الرَحیم» گورگ خواردی. «ایاک نَعبدُ» بەسەر بەرخەکەیەوە مرد. «وَ ایاک نَستَعین» کەوتە چاڵەوە. «اَنعَمتَ عَلَیهِم» خاوەنەکەی دای بە چەرچی. «وَلَاالضالین» میوانمان هات خۆم سەرم بڕی! ئەمەش ئەوانی تری وا لەبەر دەستتایە!