جوولەکەیەک لە سولەیمانی هەبوو حاتانی ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  600 بینین

جوولەکەیەک لە سولەیمانی هەبوو، حاتانی ناو بوو. ئەم حاتانە کڕین و فرۆشتنی زۆرتر لەگەڵ جافەکانا بوو. حەمە پاشای جافیش هەموو جار شتێکی پێویست بووایە ئەینارد لای و پسوولەیەکی بۆ ئەنووسی کە ئەوەندە پارەی کەوتۆتە سەر پاشا، حاتان بوو بە خاوەنی پسوولەیەکی زۆر، بەڵام پوولێکیشی لە پاشا بۆ وەرنەئەگیرایەوە، کە شکاتیشی بکردایە کەس شکاتی نەئەپرسی!

ساڵێک حاکمێک هاتە سولەیمانی، دەستی کرد بە توندوتیژی، بەتایبەتی لەگەڵ بەگزادەکانی جافا چوو بە ڕقا، حاتان ئەمەی بە هەل زانی، چوو هەرچی سەنەد و پسوولەی هەبوو، بردی بۆ حاکم و شکاتی پێوە کرد لە حەمە پاشا، ئەوەندەی نەمابوو کە حاکم هەموو هەقەکەی بۆ وەربگرێتەوە، کتوپڕ لە بەختی حاتان ئەو حاکمە لەوێ نەما و دەور و دووکان وەکوو خۆی لێ هاتەوە، حاتان لە ترسانا چوو هەر سەنەدێکی لە دەفتەری حوکمەتا هەبوو هەمووی وەرگرتەوە!

لەم کاتەدا حەمە پاشا ناردی بە شوێن حاتانا وتی: هیچ سەنەدێکی هەیە بیهێنێ تا پارەکەی پێ بدەمەوە؟ حاتان بە خۆشی خۆشی، پسوولەکانی هەڵگرت و لێیدا ڕۆیشت بۆ لای پاشا، پاشا وتی: دەویتباوک شکاتت لێ کردووم! دەسا بە گۆڕەکەی زایەر بەگ هەچ سەنەدێکت هەیە، ئەبێ ئێستا هەمووی بخۆی. هەرچەند حاتان هاواری کرد کە هیچ هەقێکی ناوێ و سەنەدەکان ئەدڕێ، کەڵکی نەبوو، بە زۆر هەموو سەنەدەکانی دەرخوارد دا و وەکوو کولێرەبەڕۆن ئەیجوی و قوتی ئەدا، وتی: دەویتباوک ئەوە دەردت وێ شکاتم لێ ئەکەی؟ حاتان دەست لە گوونان بەرەو ژێرتر گەڕایەوە بۆ سولەیمانی.

ماوەیەکی تری پێ چوو، پاشا پارەی پێویست بوو، ناردیەوە بۆ لای حاتان ئەوەندە پارەم بۆ بنێرێت و پارەکانی پێشوویشی ئەدەمەوە. سەنەدێکیشی بۆ ئەنووسم، ئەو وەختە ڕقم هەستابوو بۆیە وام کرد! حاتانیش خۆ ناتوانێ ملەجیڕەیەک بکا. هەستا چوو بۆ لای و پارەکە و کولێرەیەکی لەگەڵ خۆی برد. پارەکەی دانا و وتی: پاشا سەنەدم ناوێ، ئەوا پارەکەم هێناوە! پاشاش وتی: نابێ وە قەورەکەی زایەر بەگ سەنەد هەر ئەبێ بوێ لەبەینا! حاتان دەستی برد کولێرەکەی دەرهێنا و وتی: کەواتە باشە، لەسەر ئەم کولێرەیە بۆم بنووسە، دواجار بە حەزرەتی مووسا قەسەم قاقەزم بۆ ناخورێ، بەڵام کولێرەم بۆ ئەخورێ! پاشا تەگبیر و قسەی جووەی بەلاوە سەیر بوو، لەسەر ئەمە بویە هەچ پارەیەکی قەرزار بوو، هەمووی دایەوە.