دەستەیەکی ئەو سەردەمە ڕۆژێک ئەچنە دەرەوە ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  555 بینین

دەستەیەکی ئەو سەردەمە، ڕۆژێک ئەچنە دەرەوە بۆ ڕاوە «جوڕە» بە پەلەپیتکە، کتوپڕ تفەنگێکی ساچمەزەن ئەدۆزنەوە، لێیان ئەبێ بە هەرا، نازانن چییە؟ ئەیهێننەوە بۆ ئاوایی و عەشیرەت و پیاوماقوڵی لێ کۆ ئەبێتەوە و ئەکەونە ڕاوێژکردن و هەڵهێنانی ئەم بەڵا گەورەیە، کە خوا بە سەریا داون و نازانن چییە؟ یەکێ ئەڵێ: ئەمە حوشتری دەشتی عەرەبستانە و لە کاروان بەجێ ماوە. یەکێ ئەڵێ: ئەمە بای غەزەوە و باڵی شکاوە! بەکورتی یەکێکی تر ئەیکا بە قاز و یەکێکی تریش بە باز!

لالە تۆماس هەڵئەداتێ و ئەڵێ: ئێوە هیچتان عەقڵتان نییە، ئەمە قەننەی خوایە و لەوێدا لێی بەجێ ماوە. هەموویان ئەکەونە زڵپ و بڵێ، ئەڵێن: ڕاست وایە. ئنجا ئەڵێ: بۆ ڕاستی و درۆیش کەڵە پشکۆیەکی لەسەر دانێن تا بۆتان تاقیی کەمەوە، هەی بێعەقڵینە! پشکۆی بۆ لەسەر چاسمە دائەنێن و دەم ئەنێ بە لوولەکەیەوە و نەفەسی لێ ئەدا، لەگەڵ نەفەس لێدانا تفەنگ ئەتەقێ و مێشکی ئەبا بە عاسمانا! لالە برزوویش هەڵئەداتێ و ئەڵێ: ئەوە دەردت وێ، بە قەننەی خوا سەویل ئەکێشی!