کوڕێک هەبوو دایکێکی زۆر پیری هەبوو واتە ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  551 بینین

کوڕێک هەبوو، دایکێکی زۆر پیری هەبوو، واتە لە هەشتا تێپەڕیبوو، ڕۆژێک کوڕەکە وتی: دایە شەرعی خوا و پێغەمبەر فتوای داوە مێردکردن وە نەبێ شتێکی تێدا هەبێ، ئەڵێی چی مێردێکت لە تەمەنی خۆتا بۆ بدۆزمەوە و مێردی پێ بکەی و ئەو چوار ڕۆژە عومرەت کە ماوە لەگەڵی ڕابوێری؟ دایکەکە زۆری پێ خۆش بوو، وتی: ڕۆڵە مادام ڕووم لێ ئەنێی، بێ دڵیت ناکەم، ئارەزووی خۆتە.

بەینێکی زۆری پێ چوو، ئیتر کوڕە هیچ دەنگی نەبوو، دایکەکەی وتی: ئەرێ ڕۆڵە وەختی خۆی قسەیەکی وات کرد، کە چی ئێستا هیچ دەنگت نییە؟ قەزات بکەوێ لە دایکت. کوڕە وتی: وەڵڵا دایە هەرچەند ئەگەڕێم پیاوێکی وا کە لە سێرەی تۆدا بێ دەست ناکەوێ. دایکەکە وتی: جا ڕۆڵە قەیدی چییە، مادام پیاوێکی وا دەست ناکەوێ، دوو پیاوی چل ساڵیم بۆ بێنە، ئەوە بە هەردووکیان ئەکەنە هەشتا ساڵ، ئەمەش هەر بۆ ئەوە کە قسەکەی تۆ نەشکێ.