ساڵێک شتێک هەبوو پێیان ئەوت حزبی دەستوور ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  608 بینین

ساڵێک شتێک هەبوو پێیان ئەوت حزبی دەستووری. ئەم حزبە بڕەبڕی بوو، هەندێک لە وڵاتی بەغداوە بە کەشوفش چووبوون بۆ ئەو وڵاتی کوردەوارییە بۆ حزب گرتن! - ئەمە لەسەر قافیەی دەروێش گرتن - ئەمانە گەیشتبوونە ئەو وڵاتی هەڵەبجەیە.

لەوێ سوارگەلێکی زۆر بەم لا و بەو لای ڕێگەدا هەموو تفەنگ لەشان وەستابوون بۆ پێشوازیکردنی حزب گیرەکان، کە ئەمان بە ناویانا تێپەڕین ئەوان لە چەپڵەیان دا بۆیان، ئایی لە چەپڵەیان دا! خانە بەگ هەبوو کە هاوماڵیی مەلا حەسەن ناوگردان بوو، چووبوون لە کۆڕا بوون، ئەحمەدی یەزدانبەخشیش هەر لەوێدا بوو، خانە بەگ سەیر ئەکا ئەحمەد چەپڵە لێ نادا، کە شاییی دواییی دێ و سوار بڵاوەی لێ ئەکا، خانە بەگ ئەچێتە بن دەست ئەحمەدەوە و ئەڵێ: کوڕە خانە بەگ! کوچکت لێ نەوارێ، شکاتی چیم لێ ئەکەی؟ تفەنگە وە دەستمەوە و فریا نەکەوتم بۆ چەپڵە کوتان، ئەم هەویرە چییە ئەیشێلی؟ پیاوی خاس بە واز بێنە. خانە بەگیش هەر ئەیوت: وە کەلام ناوێ، تۆی هەر شکاتت لێ بکەم، پیاگی وا گەورە تێت تۆ چەپڵەی بۆ ناژەنی؟ ئەحمەد هەر خێرا تفەنگەکەی ئەکاتە ملی و لەو دەشتەدا هەر ئەڕوا و دەست ئەکا بە چەپڵە لێدان و ئەڵێ: خانە بەگ! ها ئەوە ئەوەندە چەپڵە بنێرە ڕیش باوکی پیاگەکە تا لە لووتی تێتەوە، هێشتا دووزەلەکەیشی ماگە، ئیتر شکاتی چیم لێ ئەکەی بەردت لێ نەوارێ؟