کابرایەک لەو سەرە ئەچێ بۆ بەغدا و کەڵەشێ ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  787 بینین

کابرایەک لەو سەرە ئەچێ بۆ بەغدا و کەڵەشێرێکی پێ ئەبێ، ئەگاتە سەر شەمەندەفەر، ئەو سەردەمە لە شەمەندەفەرا پاسی کەڵەشێریش وەرئەگیرا، کابرا بەم کەینوبەینەی نەئەزانی، هیچ شوێنێکی نەدۆزیەوە کەڵەشێرەکەی تێبخا و بیشارێتەوە، دەرپێکەی نەبێ. کەڵەشێری خستە دەرپێکەیەوە و لە شەمەندەفەرا لێی دانیشت.

لەو کاتەدا ژنێک سەبەتەیەک هەنجیری بەسەر سەرەوە بوو های هەنجیری ئەکرد، کابرا ژنەی بانگ کرد بۆ هەنجیر کڕین، ژنە لە سەبەتەکە هەنجیری بۆ ئەکێشا. کابرا کونێک لە دەرپێکەیا بوو، کەڵەشێرەکە لە کونی دەرپێکەوە سەری دەرهێنا هەنجیرێکی لە سەبەتەکە هەڵگرت و ئەیخوارد، ژنە ئاگای لەمە نەبوو تا ئەم هەنجیرەکەی کێشا سەیری کرد لە لایەکی تری سەبەتەکەوە کەلێن کەوتۆتە هەنجیرەکەوە! کە چاک سەیری کرد تەماشای کرد وا شتێک خێرا خێرا سەر دەردێنێ هەنجیرێک ئەباتە ژوورەوە، کە چاک ورد بووەوە ئەمە کەڵەشێرێکە! لەمە زۆر واقی وڕ ما و وتی: ئەیەڕۆ، خۆ هیچ نەبێ تا ئێستا هەزار کێرم دیوە، بەڵام قەت کێری هەنجیرخۆرم نەدیوە!