فەقێ مەحموودی پیاوی حەسەن بەگی قادر بەگ ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  587 بینین

فەقێ مەحموودی پیاوی حەسەن بەگی قادر بەگ، گێڕایەوە وتی:

حەسەن بەگ لە بێسەڵمێن خستبووی، منی ناردبوو بۆ سەر عەشیرەت و ئاوایییەکان کە موڵکانە و دەرامەتەکەی بۆ کۆ بکەمەوە، چووم چوار هەزار قڕانم کۆکردەوە و گەڕامەوە، لە ڕێگەدا تەماع سوارم بوو، هەرچەند جڕەجڕەم کرد کەڵکی نەبوو، ناچار هێنام نۆسەد قڕانم لە پارەکە هەڵگرت و لە بنە تەروێیەکدا شاردمەوە و ئەوی ترم بۆ بردەوە. زووتر لیستەیەکم بۆ ناردبۆوە کە کوێخا نادر دووسەد قڕانی داوە، مارف پەنجا قڕانی داوە. بەم جۆرە لیستەی چوار هەزار قڕانەکەم بۆ ناردبوو، ئەوەی لا بوو، هاتم لە ڕێگەدا لیستەیەکی ترم دروست کرد. کە کوێخا نادر «مەسەلا» سەد و پەنجا قڕان، مارف چل قڕان، بەم جۆرە سێ هەزار و سەد قڕانم پڕ کردەوە و لە ئاخری حسابەکەشەوە نووسیم سێ هەزار و سەد قڕان.

کە چوومەوە و دانیشتم، وتی: فەقێ مەحموو وەخێر بێیتەوە پارەکەت هاورد؟ وتم: بەڵێ قوربان. کە سەیرم کرد لیستەی چوار قڕانەکە - کە بۆم ناردبوو - دەستی برد دەریهێنا و سەیری کرد و وتی: کوێخا نادر دوو سەد قڕان، بێنە دوو سەد قڕان. سەیرم کرد بەم جۆرە ئەو یەکە یەکە بیخوێنێتەوە و پارەکەم لێ وەربگرێ، پارە دیارە کورت ئەهێنێ. منیش هەر وا سەیرێکم کرد و وتم: ئەرێ میرم ئەوە تۆ ێیژی چی؟ کەی حساو وا ئەوێ؟ هەر دەستم برد لیستەکەم لە دەستی هەڵپڕوکاند و دڕیم بەسەر یەکا و پارچەپارچەم کرد و دەستم برد لیستەکەی خۆمم دەرهێنا و دامە دەستی و وتم: میرم ئەمەیە حساو، ئا تۆ داوا بکە و تا من پێتی بدەم.

لیستەی گرت بە دەستەوە و دەستی کرد بە خوێندنەوەی، وتی: کوێخا نادر سەد و پەنجا قڕان بێنە، سەد و پەنجا قڕان. وتم: فەرموو. وتی: مارف چل قڕان، بێنە چل قڕان. وتم فەرموو. بەمجۆرە حسابمان پڕ کردەوە و لە ئاخریشا پێم وت: میرم ئەوەسە لە ئاخریشا جەمعەکەی نووسیاگە؛ سێ هەزار و سەد قڕان، بزانە پارەکەش سێ هەزار و سەد قڕانە؟ پارەی بژارد، سێ هەزار و سەد قڕان بوو. وتی: بە خوا فەقێ مەحموو، حەساو ئەمەسە تۆ ئەیکەی، حساوەکەت تەواوە و پارەکەش تەواوە.

ئێستا و ئەوساش نەیوت؛ خۆ حسابەکەی پێشوو وا نەبوو، یا ئەو لیستەت بۆ چی دڕی! منیش بۆ خۆی شانم پیا کرد نۆسەد قڕانەکەم خوارد!