والی هاتبووە سولەیمانی لەبەر ئیشێکی زلی ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  630 بینین

والی هاتبووە سولەیمانی لەبەر ئیشێکی زلی عەشایری ناردبووی بە شوێن مەحموود پاشای جافدا، کە بچێ بۆ سولەیمانی، پاشا حەمەعەلی بەگ و حەسەن بەگ و چەند سوارێک لەگەڵ خۆی ئەبا و ئەچێ بۆ سولەیمانی و ئەچێتە لای والی. خۆی و حەمەعەلی بەگ و یەکێکی تر ئەچنە دیوەخانی والی و پیاوەکانیش لە دەرەوە ئەبن.

لە حەوشەکەدا لەناو چیمن و سەر حەوزەکەدا کورسی و سەنگەڵێ دانرابوو، والی دانیشتبوو، مەحموو پاشا لەتەنیشت والییەوە لەوبەر حەوزەکەوە دائەنیشێ. حەمەعەلی بەگ و پیاوەکەی تریش لەم بەرەوە دائەنیشن. حەوزەکە زۆر پان نابێ، پیاوەکە گوێی لە قسەکانی والی و مەحموو پاشا ئەبێ کە قسە ئەکەن لەبارەی کاروباری عەشیرەت و حوکمەتەوە، بەڵام لەبەر ئەوە بە تورکی قسەیان ئەکرد و ئەمیش تورکی نەئەزانی، ڕووی کردە حەمەعەلی بەگ و وتی: ئەوە والی و پاشا یێژن چی؟

حەمەعەلی بەگیش قومارباز و زیرەک بوو، تورکیشی باش ئەزانی، وتی: وەڵڵا میرم بێژم چی؟ والی ئێژێ ئاخۆ کێ هەیە بتوانێ بە سەر ئەم حەوزەدا باز بدا؟ پاشاش ئەفەرموێ: جا ئەم حەوزە چییە، من پیاوی وام لەگەڵایە هەر لە جافا دوو ئەوەندەی ئەم حەوزەش باز ئەدا!

بە خوا کاکە بەگم بەگ ئەبێ کە ئەمە ئەبینێ ڕاست ئەبێتەوە بەبێ هێڵ و گفت، تف لە شەیتان و دوور لە ڕەحمان، چاکی ئەکا بە لادا و بەسەر حەوزەکەدا باز ئەدا و قوت لەبەر دەمی والیدا ئەوەستێ و ئەڵێ: ئەوە تۆ یێژی چی؟ سا وە قەورەکەی حەمە پاشا، ئەگەر لەبەر پاشا نەبوایە بازم ئەگەیاندە ئەو دیوی ئێوەشەوە! ئیتر تۆ چۆن یێژی کوڕی وا نییە وە سەر ئەم حەوزەدا باز بدا؟! مەحموود پاشا و والی، لەم کردەوەیە ئەکەونە عالەمێکی ترەوە، پاشاش ئیتر هیچی پێ ناوترێ!