مەحموو پاشا هەندێ پارەی لای عەوڵا بەگی ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  583 بینین

مەحموو پاشا، هەندێ پارەی لای عەوڵا بەگی شەرەفبەیانی بوو، پاشا بۆ کوێستان ئەچوو، پیاوێکی ناردە لای عەوڵا بەگ بۆ پارەکە. عەوڵا بەگیش بە پیاوەکەی وت: عەرزی پاشا بکە ئێستا پارەم لە دەستا نییە، بەخێر کە لە کوێستان گەڕایەوە و هاتەوە بنەی کانی چەقەڵ، ئەو وەختە خۆم پارەکە دێنمەوە بۆ خزمەتی!

کابرا چووەوە قسەکەی بۆ پاشا گێڕایەوە، پاشا تۆزێ تووڕە بوو، ڕووی کردە حەمە سەعی بەگ فەرمووی: تۆ بچۆ پارەکە بێنەوە، منیش لەو وەختەدا پارەم پێویستە. حەمە سەعی بەگیش لەبەر ئەوە کە لە خاڵوانەوە خزمایەتی لەگەڵ عەوڵا بەگا هەبوو، ئەیویست ئیشێکی وا بکا کە پاشا ئەم جارە واز بێنێ تا لە کوێستان ئەگەڕێتەوە، هەر وا خەریک بوو قسەی بۆ پاشا ئەکرد، حەسەن بەگی قادر بەگیش لە دیوەخان بوو، کە گوێی لە قسەکانی حەمە سەعی بەگ بوو ڕووی تێکرد و وتی: حەمە سەعی! تۆ چیت داوە لەم زرمە زلێیە؟ گوو وە ڕیش باوکی تەرەفەینیان! پاشا سەیرێکی دانیشتووەکانی کرد و زەردەخەنەیەک گرتی و ئیتر هیچ دەنگی نەکرد!