کابرایەک پارەی لای کابرایەکی تر بوو ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  557 بینین

کابرایەک پارەی لای کابرایەکی تر بوو، نەیئەدایەوە و ئەیوت: لام نییە. ئەویش وتی: باوکم با بچین بۆ لای مەلا بۆ شەرع، سوێندم بۆ بخۆ کە لات نییە ئەو وەختە وازت لێ دێنم. چوون بۆ لای مەلا و کابرای داواکەر بە مەلای وت کە سوێندی ئەم کابرایەی بۆ بدا، مەلاش قورئانی هێنایە پێشەوە و هات بە چۆکا لە خزمەتی قورئانا و پێی وت: سوێندی بۆ بخۆ. کابرا دەستی هەڵبڕی و دای بە قورئانا و وتی: بە هەقی ئەم قورئانە هیچی ئەم پیاوەم لا نییە! لەپاشا مەلا قورئانی هەڵگرتەوە و بە کابرای وت: باوکم بێنە «کەفارە»ی سوێند و قەسەمنامەکە بدە. کابرا وتی: تو خوا مامۆستا بێ زەحمەت ئەگەر قورئانەکە نەهێنیتەوە. مەلا قورئانی هێنایەوە، ئنجا کابرا بە هەردوو دەست ماڵیی بە قورئانا و وتی: بە هەقی ئەم قورئانە هیچ قەسەمنامەم لا نییە!