کاکە ڕەشید سدقی بۆی گێڕامەوە، وتی ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  585 بینین

کاکە ڕەشید سدقی بۆی گێڕامەوە، وتی:

مەحموود پاشای جاف لە خەلیفە محەممەدی دوم تووڕە ببوو، وتبووی ئەو دویتباوکە لە هەر لایەک بێ بیگرن و سنگی کەن. خەلیفە محەممەد هەڵدێ و ئەداتە کەژ، خۆی بۆ ناگیرێتەوە لەم هەوار بۆ ئەو هەوار، لەم دێ بۆ ئەو دێ، هەر لایەک ئەچێ موڵکی مەحموود پاشا ئەبێ و خۆی بۆ حەشار نادرێ. لە ئاخرا وەڕس ئەبێ بە دزییەوە ئەچێتەوە، دوو بار کەشک و دوو بار دۆینە و دوو تانجی نایاب و چەند مریشکێک ئەخاتە ناو باری بارەکانەوە و ئەچێ پەنا بۆ حەسەن بەگی قادر بەگ ئەبا کە تکای بۆ بکا لای پاشا و پاشا لێی خۆش بێ.

کە ئەچێ و حەسەن بەگ چاوی پێ ئەکەوێ ئەڵێ: ها خەلیفە محەممەد تا نەتنایە تەبەق نەتوت سەدەق، جا ئێستا هاتگی و پەنات هاوردگە؟! خەلیفە ئەخاتە شوێن خۆی و بە شتومەکەکانەوە ئەیبا بۆ لای پاشا.

کە ئەچن شێخی حیسامەددین لەگەڵ پادشا لە دیوەخان دانیشتوون و قسە ئەکەن. بارەکان لەو لاوە خراون و تانجییەکانیش لەم لاوە لەبەر هەستونی دەوارەکەدا کەوتوون، ئەوا شێخی حیسامەددینیش لەگەڵ پادشادا لە گەرمەی قسەدایە، لەو وەختەدا لەم لاوە تانجییەکان دەست ئەکەن بە مڕەمڕ، خەلیفە لە مڕەی ئەمانە تووڕە ئەبێ و لا ئەکاتەوە بە لای تانجییەکانەوە ئەڵێ: بۆرەی نان و وڕێنە، جارێ نۆرەی شێخە، نۆرەی ئێوە نییە، لە مڕەمڕ بکەون. پاشا و شێخ حسامەددین کە گوێیان لەم قسەیە ئەبێ، دەست ئەکەن بە پێکەنین، ئنجا شێخیش تکای لێخۆشبوونی لە پاشا بۆ ئەکا و پاشا لێی خۆش ئەبێ!