شێخ مەحموودی شێخ سەعید سەد و پەنجا سوار ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  585 بینین

شێخ مەحموودی شێخ سەعید، سەد و پەنجا سوارێکی لەگەڵ ئەبێ و لەو دۆڵی گەڵاڵەدا ئەبێ بە میوانی «فەرحان ئاغا»ی چوچانی. فەرحان ئاغا هەژدە سەر مەڕ سەرئەبڕێ، دیارە ڕۆن و برنج و تفاقی ئەم میواندارییە تۆ بیڵێ کە چی تێ چووە؟

لە ژێر دەوری هەژدە هەستوانیدا شێخ و پیاوەکانی دائەنیشن، فەرحان ئاغاش قسە و ڕووخۆشییەکەی لە میواندارییەکەی گەلێ خۆشتر بووە.

شێخ مەحموود ئەم نان و خوان و پیاوەتییەی زۆر بە دڵ ئەبێ، لەگەڵ فەرحان ئاغا دەست ئەکەن بە قسە کردن، ڕوو ئەکاتە فەرحان ئاغا ئەڵێ: کە چوومەوە دوو گەماڵی زۆر نایابم هەیە بۆت ئەنێرم، بۆ پاسی مەڕ و ماڵاتی تۆ زۆر بەکەڵکن. فەرحان ئاغاش ئەڵێ: یا شێخ تۆ خۆش وی، گەماڵم نەگەرەکە.

شێخیش ئەڵێ: فەرحان ئاغا من حەوت و هەشتم پێ ناکرێ. فەرحان ئاغا ئنجا ئەڵێ: یا شێخ من وە باوکیشمەوە ڕایمەم ناکەوێ قسەی وا بکەم، من ئێژم چی و تۆ ئێژی چی؟! هەی بێم وە دەورتا.