بابەکری سەلیم ئاغا قاقەزێکی نهێنی ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  580 بینین

بابەکری سەلیم ئاغا، قاقەزێکی نهێنیی نووسیبوو بۆ مەندوبی سامی لە بەغدا، قاقەزەکەی دابوو بە دوو خزمەتکار کە بیبەن بۆ بەغدا و بیدەنێ، بەڵام نابێ بکەنە کارێ کە کەس پێیان بزانێ و نابێ بە هیچ جۆر دەست و پێوەندی حوکمەتی عێراقی پێی بزانێ. کابراکان زۆر بە نهێنی و بێدەنگ سەرلەبەیانییەک ئەگەنە بەغدا و ئەچن لە چاییخانەکەی ژێر ئوتێل «وجنەالشارع» دائەنیشن بۆ ئەوەی نان، چایی، شتێک بخۆن و هەناو و بانیش گەرم ببێ ئەو وەختە بچن قاقەزەکە بگەیەنن.

لە بەغدادا کفتە و کوببەفرۆشی دەستگێڕ هەیە، لە وەختی نانخواردنا بە چاییخانە و ئوتێلەکانا ئەسووڕێنەوە، ئیتر بانگ ناکا کفتە یا کوببە، چووە هەر شوێنێک بە دەنگی بەرز ئەڵێ: کەریم یا کەریم، مەردومەکە تێئەگەن. لەو کاتەدا ئەوان لە چاییخانەکە دانیشتوون کابرای کوببەفرۆش ئەچێتە ژوورەوە لەسەر ڕەوشتی خۆی چاوێک بە مەردومەکەدا ئەگێڕێ و بانگ ئەکا: کەریم، یا کەریم. یەکێ لەو دوو کابرایە ناوی کەریم ئەبێ، هەر سەر ئەنێتە بناگوێی هاوڕێکەیەوە ئەڵێ: برا هەڵسە با بڕۆین، ئەڵێن بەغدا جاسووسی زۆرە ڕاست ئەکەن، ئێمە هێشتا نەچووینەتە دەرەوە ئەوە کابرا ناسینی و بانگی کردم، بە قورئان حوکمەت پێمان بزانێ پەلپەلمان ئەکات!

لووس و باریک هەڵئەستن و هەر لەوێوە ئەگەڕێنەوە، دێنەوە کارەساتەکە بۆ بابەکر ئاغا ئەگێڕنەوە!