کابرایەکی پیری کورد بەو کەلی دەربەندیخانە ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  561 بینین

کابرایەکی پیری کورد بەو کەلی «دەربەندیخان»ەدا بە پێیان سەر ئەکەوت و زۆر ماندوو و پەرێشان بوو و نەیئەتوانی بڕوا. دەستی بەرز کردەوە بۆ عاسمان و دەستی کرد بە پاڕانەوە و وتی: خوایە پیرم و بێهێز، بە گەورەییی خۆت لە خەزێنەی غەیبەوە، گوێدرێژێ، مایینێ، شتێکم بۆ بنێرە با سواری ببم و لەو هەورازە سەرم بخا!

ئەم لەم نزا و پاڕانەوەیەدا بوو، کتوپڕ لە دوایەوە خڕەیەک هات. کە لای کردەوە وا کابرایەک سواری مایینێک بووە و جوانوویەکی بە شوێنەوەیە. وتی: بە خوا باش بوو نزاکەم گیرا بوو، خوا ئەو جوانووەی بۆ ناردم، ئێستا سواری ئەبم و ڕزگارم ئەبێ لەم سەرەوژوورییە! هەندێ چاوەڕێی کرد سوارەکە گەیشتە جێ، سوارەکە لە کابرای خوڕی: کوڕە کابرا تۆ چیت؟ وتی: بە قوربانت بم، پیاوێکی پیری ڕێبوارم و وا تووشم بووە بە تووشی ئەم هەورازەوە، هەرچەند ئەکەم ناتوانم پیایا سەرکەوم. کابرا وتی: کاورا وا دیارە تۆیش سەرەوژوور ئەڕۆی، ئەم مایینەم ئێستا لەم بنارەدا زا و ئەو جوانووەی بووە، جوانووەکە کۆرپەیە و ناتوانێ سەر کەوێ، تۆ بۆم بگرە بە کۆڵەوە، تا لە هەورازەکە سەر ئەکەوین!

کابرا وتی: کوڕە پیاوی چاک بە من خۆم ناتوانم بڕۆم، ئێستا چۆن ئەتوانم جوانوو هەڵبگرم؟ کابرای سوار دەستی دایە تفەنگ و وتی: وە کەلام دویتباوک هەڵی ئەگری باشە ئەگینا وە تەنها فیشەکێ ساردت ئەکەمەوە! کابرا لە تاو گیانی خۆی نیشت بە جوانووەوە و جوانووی هەڵگرت، نەیئەتوانی بڕوا و نەشیئەوێرا نەڕوا! لەبەر خۆیەوە ئەیوت: ئەرێ خوا وە قوروانت بم تۆ کە لە دوعا تێناگەی بوچ گیرای ئەکەی؟ من وتم وڵاغم بۆ بنێرە سواری بم یا وتم سوارم ببێ؟