پیرەمێرد - بە ڕەحمەت بێ -، بۆی گێڕامەوە ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  946 بینین

پیرەمێرد - بە ڕەحمەت بێ =-، بۆی گێڕامەوە وتی:

دەستەیەکی وەک گوڵ کەوتبووینە یەک، هەر شەوێ لە شوێنێک کۆ ئەبووینەوە، بە شعر و ئەدەبیات و دوایی بە یاریی فەقیانە و بەزمی قەدیمانە ڕامان ئەبوارد، لە دوای ئەمانە شەوچەرەیان ئەهێنا. جا بە هۆی شەوچەرەوە کابرایەکی لاپلەرسەنگ خۆی کوتابووە ئەو کۆمەڵەوە و عەیشی پێ تاڵ کردبووین، خۆی کردبوو بە هاودەمێکی ناهەموار و لە هەموو قسەیەکدا هەڵی ئەدایە و هەرزە چەنەیی ئەکرد، جار جاریش باسی خەڵکی ئەهێنایە ناوەوە، هەر چییەکیشیان بهێنایەتە مەجلیس لەپێشا پڕی پیا ئەکرد! خوا لێی خۆش بێ مامۆستا مەلا حسێنە گۆجە، یەک دوو جار سیخورمەی گەیاندێ، عاری نەئەنا، کەسیش ڕووی نەئەهات بە ئاشکرا دەری کا!

مەلا عەزیزێکی داودەییمان بوو، زۆر گاڵتەچی و عەنتیکە بوو. ڕۆژێکیان پێم وت: مەلا عەزیز ئەم کابرایە هەراسی پێ هەڵگرتووین و پێمان چار ناکرێ. وتی: کام شەو لە ماڵی ئێوە بن، من دێم بۆتان ئەتارێنم. ڕێکەوت وا بوو هەر ئەو شەوە لە ماڵی ئێمە کۆ بووینەوە. سا وەختی شەوچەرە، لە هەیوان دەنگی گەفەی دوو گەماڵ هات، خەبەریان دا کە وا شوانێک هاتووە شکات لای قازی ئەکا. ئەو سایە مەلا ئەحمەد سائێب قازی بوو، ئەیانزانی مەلا عەزیز گۆبەندی بە دەستەوەیە. مەلا عەزیز بە تەواوی خۆی خستبووە بەرگی شوانەوە، هاتە ژوورەوە، وتی: قازی داد. وتیان کوڕە چی قەوماوە؟ وتی: ئا ئەو مەلا حسێنە گۆجە پەزی دزیوم. مەلا حسێن وتی: شتی وا نییە. قازیی وتی: برام شاهدت بێنە. وتی: بەسەر چاو، وا ئەچم بۆ شاهێد، بەڵام سەگەکانم دڕن، لە دەرەوە بن خەڵک ئەگرن، لێرە یەکێک بۆم بگرێ تا ئەچم شاهێدەکانم دێنم!

پەتەکانی دایە دەست کابرای لاپلەرسەنگەوە، سەگەل هیچ مڕەیان نەکرد، بێدەنگ لێی کەوتن، تا شوانە چووە دەرەوە، ئێمەیش لەپێش ئەوا یەکە یەک چووینە دەرەوە، شوانە لە دەرەوە حەل حەلێکی کرد! سەگەل ڕاپەڕین و کابرایان لەسەر گازی پشت خست، بە هاوار هاوار لە دەرگای حەوشەیان بردە دەرەوە، دەرفەتی ئەوەیان نەدا لە دەستیان ڕاکا، تا بردیانە ئەوێ کابرایان نیوەمەرگ و بێهۆش کرد! ئینجا شوانە چوو سەگەلەکەی لە کۆڵ کردەوە، کابرایان بە بێهۆشی گرتە کۆڵەوە و بردیانەوە بۆ ماڵی خۆی. ئیتر ببڕای ببڕ جارێکی تر توخنی گۆبەند بکەوێ.