کابرایەکی سوار ڕێی ئەکەوێتە دێیەک سەیر ...
کابرایەکی سوار، ڕێی ئەکەوێتە دێیەک، سەیر ئەکا لەم دێیەدا تەقەو هەرایە و کەس بە سەر کەسەوە نییە، جەنگێکە ئەوپەڕی نەبێتەوە. چەند زەلام کوژراوە و چەند سەر و قۆڵ شکێنراوە، هەرچەند ئەکا بۆی ساغ نابێتەوە ئەم هەرایە لەسەر چی بووە و چییە. لەبەر شڵەژاویی دێیەکەش بۆی ڕێ نەکەوت لە ماڵێک تۆزێ لابدا و بخەسێتەوە، ناچار لێی دا و ڕۆیشت. کە ئەگاتە قەراخ ئاوایییەکە سەیر ئەکا ژنێک لە گوێسەربانێکا بە پێوە وەستاوە، کراسێکی درێژ و کەوایەکی سووری گوڵگوڵی لە بەرایە، سرکەییەکی بە سەرەوەیە، چمکی کەواکەی هەڵکردووە و خستوویەتە گیرفانی، تەشییەکەی بە دەستەوەیە وردە وردە خەریکە تەشی ئەڕێسێ، دەمێ بنێشتیشی لە دەمایە، بنێشت ئەجوێ، هەندێ جار بە لایەکی کاکیلەی قەوچەیەک لە بنێشتەکەوە دێنێت و دەنگێکی ناسکی لێوە دێت!
کابرا چوو لەم ژنەی پرسی: ئەرێ خوشکم ئەم هەرایە چییە لەم دێیەدا و ئەم هەموو کوشتارەیان بۆچ لە یەک کردووە؟ ژنە بەبێ ئەوە خۆی تێک بدا بە لەسەرخۆیییەکەوە وتی: بێژم چی برا، یێژن منیان گاوە، ئەم هەرایە لەسەر ئەوەیە!