بێوەژنێکی تەڕپیری دەوڵەمەند جاڕی دابوو ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  684 بینین

بێوەژنێکی تەڕپیری دەوڵەمەند، جاڕی دابوو ئەگەر یەکێک بێت بە شەوێ چل دانەی لەگەڵ بکا مێردی پێ ئەکا. خۆ ئەگەر هات و یەکێک چوو چلەی تەواو نەکرد سەد لیرەی لێ ئەستێنێ! بەم جۆرە گرەوی لەگەڵ خەڵک ئەکرد، خەڵکیش بە تەمای سامانەکەی ئەچوون و ئیشەکەیان بۆ تەواو نەئەکرا. قیڕ ئەیگرتن، سەد لیرەکەی لێ ئەسەندن! بەم جۆرە سامانێکی زۆری پێکەوە نابوو.

ڕۆژێک پیاوێکی زرتەبۆزی گردەپیاو چوو، وتی: من هاتووم بۆ ئەم گرەوە. ژنە شوێنی بۆ چاک کرد و دەستیان کرد بە ئیشی خێر کردن. هەر دانەیەکیان ئەکرد خەتێکیان لە دیوارەکە ئەکێشا. کابرا تا دە پانزەیەک ڕۆیشت ها خەریکە هیچی پێ نەمێنێ! سەرەڕای ئەمەش کە گۆشەی چاوی دایە سەیری کرد هەتا خەتێک لە سەرەوە ئەکێشێ ژنەکە بە دزییەوە لە خوارەوە خەتێکی لێ ئەکوژێنێتەوە! کابرا پێی زانی، وتی: ئەوە تۆ بۆچ وا ئەکەی و ئەیکوژێنیتەوە؟ ژنە وتی: بە ئەوەندە ئایەت و بە ئەوەندە سوێند هیچم لێ نەکوژاندۆتەوە.

کابرا سەیری کرد ئەمیش نەکەوێتە فڕوفێڵ کردن دەری ناهێنێ و ئەیدۆڕێنێ! هەر خێرا دەسەسڕەکەی دەرهێنا، هێنای بەسەر خەتەکانا هەمووی کوژاندەوە و وتی: ئەمەی پێ ناوێ، من بڵێم کوژاندوتەوە و تۆ بڵێی نەمکوژاندۆتەوە. ئەم هەویرە ئاوێکی زۆری ئەوێ، با لە سەرەوە تێ هەڵچینەوە! ژنە کە ئەمەی دی بە جارێ ناوکی کەوت، وتی: قوڕ بەسەرم، ئەمە کەتنی بێ ئیمشەو بە جارێ ئەمکوژێ! وتی: پیاوەکە کۆڵم دا و گرەوەکەت بردەوە!