کابرایەکی کورد گوێدرێژێکی هەبوو مایەی ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  859 بینین

کابرایەکی کورد، گوێدرێژێکی هەبوو مایەی ژیانی بوو. بە هاوینان کاروانی پێ ئەکرد و پێوەی بەڕێ ئەچوو. کەوتە زستان و بوو بە ڕێبەندان، بەفر نەیئەهێشت ماڵەوماڵ بکرێ، کابرا پەکی کەوت، لە ماڵەوە ئەچوو بۆ مزگەوت و لە مزگەوتەوە ئەهاتەوە بۆ ماڵەوە. لەبەر بێ شتی زۆر پەرێشان بوون. کوڕێکی هەبوو، چوو تانجییەکی پەیدا کرد و وتی: ئەم زستانە ڕاوی پێ ئەکەم و بەمە بەڵکوو بکەوینە بەهار. تانجی هێنایە ماڵەوە. باوکی چاوی بە تانجی کەوت ئاگری تێبەربوو وتی: ڕۆڵە هەر ماڵێک سەگی تێدابێ فریشتەی ڕەحمەت ڕوو ناکاتە ئەو ماڵە، پیاوی چاک بە ئەم تانجییە بەرەڵا کە با خوا غەزەبمان لێ نەگرێ. کوڕەش وتی: باوە تۆ ئەزانی ئێمە هیچمان نییە، ئێستا ئەم تانجییەم هێناوە بەڵکوو جارجار ڕاوێکمان بۆ بکا و پلە گۆشتێکمان دەست کەوێ بیخۆین. باوکەکە وتی: ڕۆڵە نابێ خوا غەزەبمان لێ ئەگرێ و فریشتەی ڕەحمەت ئیتر سەر ناکا بەم ماڵەدا. کوڕە وتی و باوک وتی ... ناچار کابرا ماڵەکەی بەجێ هێشت، بۆ نووستنیش چوو بۆ مزگەوت لە ترسی ئەوەی کە ئیتر مەلائیکەی ڕەحمەت ڕوو ناکاتە ماڵیان!

یەک دوو شەو لە مزگەوت ئەمێنێتەوە لە برسا و لە سەرمانا هێزی لێ ئەبڕێ، لە ماڵیشەوە کەس نایەت بە شوێنیا، ناچار هەڵئەستێ بەرماڵی ئەدا بەسەر شانیا و بەرەو ماڵ ئەبێتەوە! کە نزیک ئەبێتەوە بۆنی چزوبزی گۆشت دێت بە کوڕەکەی ئەڵێ: وەڵڵا بابە ئیمڕۆ تانجییەکەم برد بۆ ڕاو ئەوا بەرانە کێوەییەکی کوشتووە و هێنامەوە ئەم گۆشتە ئەوەیە! ئەڵێ: ئەی تانجییەکە لە کوێیە؟ ئەڵێ: ئەوەتە لەو بەر قاپییە، ئینجا ئەڵێ: «تو خوا ڕۆڵە تۆ هیچ لە دڵتا هەیە؟ ئاخر ئەو تانجییە بەسەزمانەش ڕۆحی هەیە وەکوو ئێمە، چۆن خوا هەڵئەگرێ ئێمە لەم بەر ئاگرە دانیشین و ئەو لەوبەر سەرمایە. دە هەستە بچۆ بیهێنە ژوورەوە لەو سەرەوە، با بۆ خۆی بکەوێ! نا، خۆم ئەچم! چل ساڵە نوێژ ئەکەم و ڕۆژوو ئەگرم، مەلائیکەی ڕەحمەت لە ماڵمایە تا ئێستا شتێکیان نەدامێ. تانجییەکە دایکم بە ساقەی بێ! بە شەوێک تێر گۆشتی کردم، هەی بەڵام دا لە چارەی مەلائیکەی ڕەحمەت! خۆی هەڵئەستێ ئەچێ ئەنەوێ لە کەڵەمەکەی و ئەیهێنێ لە گوێ ئاگردانەکە بەرماڵەکەی بۆ ڕائەخات و دایئەنێ!