حەمە بەگی حاجی ڕەسووڵ بەگ گێڕایەوە، وتی ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  647 بینین

حەمە بەگی حاجی ڕەسووڵ بەگ گێڕایەوە، وتی: ساڵێک عەسکەر بووم، چاوش بووم، ئەو وەختە لەگەڵ زابتێکی ئاڵایی بە سەبرێک وتی: ڕەزا بەگ بوو بە مەفرەزە چووینە دێیەک کوێخای دیکە هات بە پیرمانەوە، بردینی بۆ مزگەوت چای بۆ لێ ناین، ترێیەکی زۆری بۆ هێناین، زۆر خزمەتی کردین. بەرامبەر بەم هەموو خزمەتە ئاغا (زابت) هەر جنێوی بە کوێخا ئەدا، منیش کوێخام هەر لە زووە ئەناسی زۆرم لەلا ناخۆش بوو کە ئەوەندە بە چاوی سووکەوە سەیری ئەکا. چوومە بن دەستیەوە وتم: ئاغا ئەم کوێخا فەفیرە چاوت لێیە چ خزمەت ئەکا بۆ چی ئەمەندە ناشیرینی پێ ئەڵێی؟ وتی: عەزیزم مەئموور ئەبێ زەبر و زەنگ بنوێنێ بۆ ئەوەی زیاتر بە گەورەی تەماشا کەن!

لەپاشا ئیتر چووم بۆ سەر ئاوایییەکە، دیم کوێخا هات، وتی: فڵانی ئەم کابرایە چاوت لێیە چیم پێ ئەکا؟ منیش وتم: کوێخا بە ڕاستی من لە تۆ دڵگرانترم بەڵام بڵێم چی تەبیەتی ئاوایە کە ئەیبینی. ئینجا کوێخا وتی: من بیستوومە ئەم ئاغا زۆری پێ خۆشە بڵێن تۆ جەهێڵی و پیر نیت. تکا ئەکەم تۆ کە چوویتە دیوەخان بانگم بکە بفەرموو تا تەماشای دەستم بکە بزانە عومرم چەندە؟ ئیتر بەسمە!

منیش کە هاتمەوە هەیوانی مزگەوتەکە، دانیشتم و بانگی کوێخام کرد و وتم: بزانە من عومرم چەندە؟ کوێخا هاتە بەردەمم، دەستی ڕاستمی گرت و تەماشای بەری دەستی کردم، لەپاشا سەری هەڵبڕی تەماشایەکی سەر و چاومی کرد. وتی: فڵانی تۆ بە ڕواڵەت منداڵی، کەچی ماشاڵڵا بە عومر گەورەی وە عومرت پەنجا هەتا پەنجا و دوو ئەبێ!

ئاغا کە ئەمەی بیست بانگی کرد: ئا وەرە کابرا ئەم عیلمەش ئەزانی؟ کوێخای قومارباز وتی: قوربان ئێمە لە باوک و باپیرمانەوە ئەم عیلمە ئەزانین. فەرمووی: دە تەماشای دەستم کە ئاخۆ من عومرم چەندە؟ قەدەرێ تەماشای بەری مستی کرد و دوایی وتی: سبحانەڵڵا ئاغا، جەنابت ڕاست پێچەوانەی حەمە چاوشی، ئەو بە ڕواڵەت منداڵ و بە عومر گەورەیە، کەچی تۆ بە ڕواڵەت گەورە و بە عومر منداڵی، هیچ شکم تیا نییە کە چل و پێنج، ئەوپەڕی چل و شەش عومری جەنابتە!

ئاغا کە ئەمەی لە کوێخا بیست، فەرمووی: حەمە چاوش بە قەبری باوکم و بە سەری تۆ ئەم کابرایە زۆر شارەزایە لەم عیلمەدا و سەدی سەد لێی ئەزانێ. ئینجا فەرمووی: کوێخا وەرە دانیشە. ئیتر ئەو شەوە کوێخا سەعات بە سەعات حورمەتی زیادی ئەکرد. بەیانی کە هاتین بڕۆین، ئاغا زۆر لە خۆی بوردەوە و بۆ ئەو قسانەش کە بە کوێخای وتبوو دڵنەوایی کرد و وتی: لێم ببوورە نەمناسیویت کە تۆ ئەوەندە پیاوێکی لایق و زانایت!