کابرایەکی بانگوێژ بە منداڵانی ئەخوێند ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  666 بینین

کابرایەکی بانگوێژ بە منداڵانی ئەخوێند، کوڕێکی زیرەک و وریای هەبوو، کابرا لەگەڵ دایکی کوڕەدا ڕێ کەوتبوو. کوڕە ڕۆژێک چووە لای باوکی وتی: بابە مامۆستام لەگەڵ دایکم بە تەنها لە یەک ژوورێکدا بوون، با بچین مامۆستام بکوژین. باوکەکەی وتی: ڕۆڵە حەواڵەی خوای بکە. لە دوای سێ چوار ڕۆژێکی کە، دیسان ئەڵێ: بابە ئیمڕۆ چاوم لێ بوو مامۆستا دستی لە ملی دایکما بوو با بچین بیکوژین. کابرا ئەڵێ: با ئێمە نەیکوژین هەر حەواڵەی خوای بکەین.

کوڕە تەماشا ئەکا باوکی هیچ نابزوێتەوە، هەڵئەستێ ئەچێ شووشەیەک عەرەق ئەکڕێ، لە باخەڵی قایمی ئەکا و لەپێش بانگی شێواندا ئەچێتە مزگەوت لای مامۆستای و ئەڵێ: مامۆستا زۆر دەمێکە حەز ئەکەم جارێک لەگەڵ تۆ بێمە سەر مەننارەکە و تەماشای دنیا بکەم. مامۆستای ئەڵێ: زۆر چاکە ئێستا ئەچم بانگ ئەڵێم تۆیش وەرە.

هەردووکیان سەر کەوتنە سەر مەننارەکە. بانگوێژەکە هەر لەگەڵ وتی: الله اکبرعەرەبی، کوڕە پاڵێکی پێوە نا، کابرا کەوتە خوارەوە و هەپروون بە هەپروون بوو. خەڵکی کە هاتنە دیاری شووشەیەکیش عەرەق بەو ناوەدا بڵاو بۆتەوە، وتیان: ئای، خۆ ئەم بانگوێژە عەرەقخۆر بووە و بە سەرخۆشی کەوتۆتە خوارەوە!

کوڕە ئیتر هاتە خوارەوە و چوو بە باوکی وت: تۆ ئەزانی مامۆستام عەرەقی خواردبۆوە لەسەر مەننارەکە کەوتە خوارەوە پارچە پارچە بوو؟ کابرا وتی: ڕۆڵە پێم نەوتی حەواڵەی خوای بکە؟ کوڕە وتی: قوڕ بەسەر ئەقڵت بە خوا ئەگەر حەواڵەی خوام بکردایە هەتا دە ساڵی کە لەگەڵ دایکم هەر گەمە و گاڵتەی ئەکرد! خۆم لەسەر مەننارەکە پاڵم پێوەنا و خستمە خوارەوە!