پیاوێک بوو لە حەمامیان سۆفی سلێمانی ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 6 خولەک  781 بینین

پیاوێک بوو لە «حەمامیان» سۆفی سلێمانی ناو بوو، پیاوێکی زۆر لە خواترس و بەدین و مریدی شێخی بورهان بوو، هەموو دەمێ لە مزگەوت خەریکی زیکر و فیکر بوو، ئێگجار کە ناوی خۆی بیستبۆوە «سۆفی سلێمان» پیاوێکی دیندارە، بەتەواوی لە وزە دەرچووبوو! لەپێش نیوەشەوا ئەچووە مزگەوت و خەریکی تەسبیحات بوو!

دەستە فەقێیەک لە حەمامیان هەبوون، سۆفی سلێمان لەگەڵیان تێک چووبوو، ئەم لێیان ببوو بە کاک ئەحمەدی شێخ! هەر پێی ئەوتن: فەقێینە دیانەت وا نابێ کە ئێوە ئەیکەن. ئەیویست ئەوانیش وەکوو ئەم وا بن، لەگەڵ ئەوەدا ئەوان خەریکی خوێندنی خۆیان بوون، سەرەڕای ئەمە ژووری مزگەوتەکەش پاڵی دابوو بە حوجرەی فەقێکانەوە، ئەم بە شەو کە ئەچوو زیکر و فیکری ئەکرد، بە جارێ موتاڵا و دەوری لەوان تێک ئەدا، ئەگەر بیانوتایە سۆفی سلێمان وا نابێ. ئەو ئەیوت: ئێوە زەنیقن! ڕۆژێک فەقێکان قسە ئەکەن بە یەک کە چارێکی بکەن. فەقێیەکی قوماربازیان تیا ئەبێ، ئەچێ بە لایەوە و ئەڵێ: سۆفی سلێمان من تا ئێستا هەرچێکم لەگەڵ کردوویت ئەبێ لێم ببووری و بە خەڵەتا چووبووم؛ دوێنێ شەو خەوم دیوە و پاشەڕۆژێکی زۆر گەورەت هەیە، لە ئێستا بەدواوە لەسەر دەستی تۆدا تۆبە بێ، هەر بەو شەرتە لێم دڵگران نەبی و چاوت لێم بێ! سۆفی سلێمان بەم قسەیە تۆزێ خۆی گڤ ئەکاتەوە و ئەڵێ: ئاخر فەقێینە من هەموو جار پێم ئەوتن کە دنیا خاڵیی نییە لە پیاوچاک، لە سۆزی ناڵەی ئەولیایان سەر بکەنەوە! بە دوو ڕۆژ دوای ئەوە، فەقێ ئەچێتەوە لای سۆفی سلێمان و ئەڵێ: ڕوحم بە قوربانت بێ، لە خەوما چووبووی بۆ ئاسمان و وایان پێ وتم کە بوویت بە پێغەمبەر! سۆفی سلێمانیش ئەڵێ: خوا ئەیزانێ، منیش لە خۆما شتێک شک ئەبەم، چل ساڵە زیکر و فیکر ئەکەم، هەڵبەت ئەبێ بەرێکی ببێ بۆ ئەم ئۆمەتە! ئیتر فەقێ لەم بەینانەدا هەموو دەمێ دەستی ماچ ئەکا و دەست لەسەر سنگ ڕووبەڕووی ئەوەستێ و سۆفیش جارجار بە بۆنی کەرامەت، قسەیەکی لەگەڵ ئەکا!

چەند ڕۆژێکی پێ ئەچێ، ڕۆژێکیان بەیانیی زوو فەقێ هەڵئەستێ و ئەچێتە خزمەتی سوفی سلێمان ئەڵێ: ڕۆحم بە قوربانت بێ شاهی ئەولیا! سەرەی ئەوەت هاتووە بچی بۆ ئاسمان، ئیمشەو لە خەوما بە خزمەتی شێخی بورهان گەیشتم، فەرمووی سلێمان پێگەیشت و شەوی دوایی ئەچێ بۆ ئاسمان! سۆفی سلێمان هوێکی کرد و وتی: منیش وام بۆ دەرکەوتووە ئیمشەو جبرائیل دێت بە شوێنما! فەقێش وتی: من لە کتێبا دیومە ئەفەرموێ: لەم ئۆمەتە یەکێک لە بیست و حەوتی شەوی مانگێکا لەپاش نیوەشەو کە دنیا کشومات بێ جبرائیل «عليه السلامعەرەبی» ئەیبا و ئەبێ بە پێغەمبەر «صلی الله و صلمعەرەبی» ئەوا ئێستا بۆم دەرکەوت کە ئەو کەسە زاتی موبارەکی جەنابتە.

سۆفی ئمێکی بۆ کرد و هەستا چووەوە ژێر، ڕیشەکەی تاشی و کەوایەکی سەوزی هەبوو، لەبەری کرد و هاتەوە دانیشت بەو نیازە کە ئیمشەو ئەچێ بۆ ئاسمان! ئیتر لای کەسیش دەنگی نەکرد، هەر تۆزە نە تۆزێک ئەچوو دەستنوێژەکەی تازە ئەکردەوە و تەزبیحەکەشی ئەخستە ملی!

فەقێش لەولاوە کارەساتی ئەم بەینەی هەموو سەعاتێ گەیاندەوە بە فەقێکانی تر و ئینجا هاتن لەپێش هەموو شتێکا شتومەک و ئەسبابی خۆیان پێچایەوە و هەر یەکە بوخچەی خۆی حازر کرد و داینا، ئینجا دوو گوریسیان پەیدا کرد و پێکیانەوە بەست، دنیاش زستانە تف هەڵخەی بە ئاسمانا ئەیبەستێت. کەوتە شەوێ و بەشێک لە شەو ڕۆیشت، هەموو خەڵکی ئاوایی نووستن، لێیان دا چوونە سەربانی ژووری مزگەوتەکە لە کونەبەڕۆژەکەوە بە بێدەنگ گوریسەکەیان ڕاهێشتە خوارەوە، سۆفی سلێمانیش لە خوارەوە ئەوە دانیشتووە و زیکر و فیکر ئەکا و هەر چاوەڕێی ئەوەیە جبرائیل بێت بە شوێنیا، ژووری مزگەوتەکەش زۆر ساردە، بەڵام گەرمیی بەخزمەت گەیشتنی بیناییی چاوان، سۆفی سلێمانی گەرم کردۆتەوە!

سۆفی ئەوەندەی زانی وا شتێک لە عاستی ئەو هاتە خوارەوە - ئەویش هەر بە عەنقەست لە عاستی کونەبەڕۆژەکەدا دانیشتبوو - نا، شتەکە وردە وردە وەکوو مار کشا و هاتە سەر سەریەوە، ئەمیش دەستێکی بۆ برد سەیری کرد گوریسە. هویەکی کرد و لە خۆشییا وەخت بوو پەڕ دەرکا. دەنگێکی ناسک لە سەربانەکەوە هات وتی: یا پێغەمبەر گوریسی موحیببەت لە خۆتەوە بەستە! سۆفیش گوریسی لەناو قەدی توند شەتەک دا و وتی: ئیش بکە!

ئینجا وردە وردە هەڵیان کێشا هەتا نزیک بە بنمیچەکەیان کردەوە و سەری دای لە بنمیچەکە، وتی: جوبرەئیل لەسەرخۆ! ئەوان تۆزێکی تر گوریسیان ڕاکێشا و سۆفی سلێمان بەتەواوی لە بنمیچ توند بوو! تۆزێ عەزیەتی پێگەیشت! وتی: جوبرەئیل، قسە بە گوێتا بچێ، ئەڵێم لەسەرخۆت! هەموو پەراسووەکانی وەخت بوو بەسەر یەکا ورد ببێ، وتی: جوبرەیلی کەرانباوگاو هەموو پەراسووم شکا، لەسەرخۆت.

ئینجا گوریسان وەکوو داری تەون لە سەربان بەستەوە و هاتنە خوارەوە، هەر کەس نەوی لە بوخچەی خۆی و حەمامیان هەر بەو شەوە بەو تۆفە بەجێ هێشت. سۆفی سلێمانیش لەم لاوە هەر دەست ئەکا بە جنێودان بە جوبرائیل و هەر پێی ئەڵێ لەسەرخۆت هەتا زمانی ئەشکێ!

ئیتر ڕۆژ ئەبێتەوە، خەڵکی وردە وردە دێن بۆ نوێژی بەیانی، تەماشا ئەکەن لەم ژووری مزگەوتە، نووزەیەک دێت، بەڵام ڕەنگی نییە، لە ئاخردا سەر بەرز ئەکەنەوە ئەوا یەکێک لە بنمیچەکە توند بووەوە و ئەم نووزەیە لەوەوەیە، ئەچن ئەیکەنەوە و ئەیهێننەوە خوارەوە، سەیر ئەکەن ئەمە سۆفی سلێمانە و بە حاڵ گیانی تیا ماوە و زمانی نییە قسە بکا، هەم لە سەرمانا، هەم لەبەر لەشی! ئەیدەنە بەر ئاگرەکە و گەرمی ئەبێتەوە، ئەکەوێتە قسە و کارەساتەکە ئەگێڕێتەوە. خەڵکەکە سەیر ئەکەن فەقێکانیش دیار نین، کە ئەچن بە شوێنیانا تەماشا ئەکەن ڕۆیشتوون، ئینجا ئەزانن ئەمە کەتنی ئەوان بووە! ئیتر سۆفی سلێمان بە نیوەنمەک و بە دەوا و دەرمان بە یەک دوو مانگ ئەو وەختە چاک بۆوە و ئاقڵ ببوو، بۆ دەستە فەقێیەکی تر!