حەمە بەگی حاجی ڕەسووڵ بەگ گێڕایەوە، وتی ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  814 بینین

حەمە بەگی حاجی ڕەسووڵ بەگ گێڕایەوە، وتی: کابرایەکی کورد مەڕوماڵاتێکی زۆری هەبوو، لەگەڵ تاقە کوڕێکا زۆری خۆش ئەویست و هەموو ڕۆژێکیش ئەیناردە لای ڕانەکە. ڕۆژێک کابرا لەگەڵ ژنەکەی قسەی کرد، وتی: زۆر حەز ئەکەم ژن بۆ کوڕەکەمان بهێنین، ئەلی مرای برام کچێکی هەیە هەرچی بێ ئەو باشترە، با بۆی بێنین.

بەم جۆرە بڕییانەوە و کابرا چوو خوازبێنی کرد. لەپاش چەند ڕۆژ بووکیان گواستەوە، ئێوارە کوڕە ڕانەکەی هێنایەوە بۆ دەوری ماڵ، بانگیان کرد. کە هات چاوی بە بووک کەوت. هاوڕێیەکی خۆی کە دراوسێ و هاوماڵیان بوو لەو شوێنە بوو، ڕووی تێکرد وتی: حەمە ئەوە چییە؟ وتی: ئەوە بووکە بۆ تۆمان هاوردگە بچۆرە لای. وتی: حەمە مردگت مرێ! من بەم گەڵوگون و ڕانکەوە حەدم چییە بچمە لای ئەو هۆریە؟ ئەو لە ئاڵواڵادا ئێژی گوڵنگی سوورە! حەمە وتی: کوڕە نایناسیتەوە؟ وتی: ناوەڵڵا. وتی: کوڕە ئەو کتکاڵی کەنیشکی مامەتە؛ کتکاڵ! خۆم و خۆت کە لە کەوانەی ڕانا هەموو ڕۆژێ کەڕەتێ لە دواوە شتمان لێ دەرئەهاورد! بەم جۆرە پێی ناساندەوە!

شەو بەسەردا هات، زاوایان هێنا بیکەنە پەردە. دایکی زاوا وتی: ڕۆڵە ئەبێ ئامۆژگاریت بکەم کە چۆن بچیتە لای. وتی: دایە بۆ چی وا ئەزانی هیچم نەدیگە؟ چووە پەردە، زۆر چاک کوتایە پاشی بووک و هاتە دەرەوە و وتی: بووم بە زاوا. دایکی زاوا لەگەڵ یەک دوو ژن چوون تەماشایان کرد هیچ نیشانەیەک نەبوو، زاوایان بانگ کرد وتیان کوڕە خۆ تۆ درۆ ئەکەیت، نەوویت وە زاوا، ڕووی کردە ژنەکە و وتی: ئەی ئەگەر نەبووم بە زاوا ئەمە گوی ئێوەیە وا بە لەشمەوە؟ ژنەکان وتیان وەرە وا نابێ شوێنەکەیان بۆ باس کرد. دووبارە ناردیانەوە ژوورەوە. ئەم جارە کە ئیشی جێبەجێ کرد و چاوی بە خوێن کەوت هاتە دەرەوە سەری نایە گوێی باوکییەوە و وتی: باوە! هەتا ماڵمان نەیانزانیگە بارکە بڕۆین. باوکی وتی: بۆچی چی بووە؟ وتی: باوە هورگیم دڕیگە! باوکی وتی: مەترسە ڕۆڵە ئەوە نیشانەی زاوایەتییە قەی ناکا!

سبەینێ ڕۆژ بووەوە، کوڕە وتی: بە خوا باوە لەگەڵ ڕان ناچم یان ئەبێ کتکاڵیشم لەگەڵ بێ. باوکی وتی: ڕۆڵە نەبووە بە بلو کتکاڵ بێت، نابێ بێت. وتی: دەسا کوزەکەی ئەوەم. باوکی فیکری کردەوە، چوو گورچیلەی مەڕێک کەسەریان بڕیبوو هێنای دایێ و وتی: ئەوە کوزەکەیە بیبە لەگەڵ خۆت. کوڕە گورچیلەی هێنا لە دووری ئاوایی وەسەر بەردێک داینا هەر تۆزە نا تۆزێک ئەچوو ماچێکی ئەکردەوە و دایئەنایەوە!

کتوپڕ قەڵەڕەشێک هات گورچیلەکەی هەڵگرت و بردی! کوڕە بە باوکەڕۆ هاتەوە ماڵەوە. باوکی پرسی چییە؟ وتی: باوە قەل هات کوزەکەی برد! باوکی وتی: ڕۆڵە هەرا مەکە بۆم سەندوویەوە. وتی: بە خوا بە چاوی خۆم نەیبینم بڕوا ناکەم، وتی: بچۆ تەماشاکە. کوڕە چوو، ژنەکەی دەرپێی بۆ داکەند و نیشانی دا، کوڕە فیکەیەکی کرد و وتی: هەی باوکم بێ وە قوربانت لە ترسی قەلەکە خۆی خەرانگەسە کێوە؟