دوو کابرا دراوسێ بوون یەکێکیان دوو ژنی ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  865 بینین

دوو کابرا دراوسێ بوون، یەکێکیان دوو ژنی هەبوو، هەموو ڕۆژێک بەیانییان زوو هەڵئەسا ئەچوو لە مزگەوت نوێژی ئەکرد. دراوسێکەی پرسی: ئەوە بۆ چی تۆ هەموو ڕۆژێک ئەچی نوێژی بەیانییان بە جەماعەت ئەکەی؟ منیش زۆرم لە لا خۆشە بێم و نوێژ بە جەماعەت بکەم خەبەرم نابێتەوە و هەموو ڕۆژێ نوێژی بەیانیم ئەچێ.

کابرا وتی: خزمە تۆ تاقە ژنێکت هەیە! چونکە هەر خۆی لە ماڵایە دەربەستی ئەوە نییە لە قیامەتا بچێتە بەهەشت یا جەحەننەم. پرسی: ئەی تۆ؟ وتی: من چونکە دوو ژنم هەیە، لەبەر ئەوە کە هەر یەک بە جیا دڵم ڕابگرێ لەگەڵ مەلا بانگی دا یەکێ جلەکانم بۆ ئەدۆزێتەوە و یەکێ قاچم ئەشێلێ و بە دەورما دێن، تا خەبەرم ئەکەنەوە، جلەکانم بۆ ئەگرن هەتا لەبەری ئەکەم، پێڵاوەکانم بۆ دائەنێن و ئەڵێن با نوێژەکەت نەچێ و خوا لێت نەڕەنجێ!

کابرای تر وتی: وا چاکە منیش ژنێکی تر بۆ خۆم بێنم. چوو ژنێکی کەی هێنا، زۆری پێ نەچوو پشێوی و ئاژاوە کەوتە ماڵەکەوە! ئیتر هەموو وەختێ شەڕ و هەرا بوو. کابرا عەیشی لێ تاڵ بوو، هێشتا نیوەشەو بوو کە لە ماڵ دەرئەپەڕییە دەرەوە! بەیانییەک کابرای هاوڕێی هاتە مزگەوت، سەیری کرد ئەوا ئەو زووتر هاتۆتە مزگەوت. بە پێکەنینەوە وتی: هەر دوعای خێرم بۆ بکە، ئاگات لێیە بەیانییان چۆن زوو دێیت بۆ مزگەوت و نوێژەکەت ناچێ! کابرا وتی: یاخوا بەو دوعای خێرانە بێ کە من بۆت ئەکەم. هەی ناجنسی بەدفەساڵ! ئاخر باوکتم کوشتبوو، براتم کوشتبوو، تۆ چ ڕەقێکت لە من بوو بەم دەردەت بردم!