کوێخا فەتحوڵڵای بابەکراوێ گێڕایەوە، وتی ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  654 بینین

کوێخا فەتحوڵڵای بابەکراوێ گێڕایەوە وتی:

ساڵێک لەگەڵ شێخ ئەحمەدی بەردەزەردی پێکەوە قسەمان کرد بە یەک، کە شەو بچین بۆ دزی، پاش خەوتنان خۆمان گورج کردەوە و چووینە قەراخ دێیەک پارێزمان بردە بەر ماڵێکی دەوڵەمەند، لەپاڵ تەیمانەکەوە تەماشامان کرد، ژنێک لەسەر کەپرێک دانیشتبوو، چاوەڕێ بووین کە ژنەکە خەوی لێ بکەوێ، ئەو وەختە دەست بدەین بە ئیشەوە، سەیرمان کرد ژنەکە هەر نەنووست و بەینە بەینە کۆکەیەکیشی بۆ ئەکرد، ئێمەیش لەبەر ئەوە نەوەک بیکا بە هەرا، نەچووینە سەر ماڵەکە.

کە بوو بە نیوەشەو سەیرمان کرد ئەوا زەلامێک بە ماتەمات هات و لە تەیمانە ڕووخاوەکەوە چووە ژێر کەپرەکە. ئێمەیش دە هەنگاوێک لێی دوور بووین، خۆمان بە دیوارەکەوە مات کردبوو، ئەوەندەمان زانی ژنەکە لەسەر کەپرەکە هاتە خوارەوە لەژێر کەپرەکەدا ڕاکشا و زەلامەکە سواری بوو. لەو کاتەدا منداڵێکی پێنج شەش ساڵان لەسەر کەپرەکەوە بانگی کرد: ئامۆژن، ئامۆژن. ژنەکە لەژێر زەلامەکەوە وتی: فاتەکە ڕۆڵە مەگری ئەوا دێمەوە، هەر بانگم بکە با نەترسم! کچەکە هەر ئەیوت: ئامۆژن. ئەویش جوابی ئەدایەوە، لەپاش دوو سێ جار کچەکە بێدەنگ بوو، تومەس خەوی لێ کەوتبۆوە.

ژنەکە لەژێر زەلامەکەوە بانگی کردەوە: فاتەکە دە بانگم کە با نەترسم! منیش هەتا هێزم تیا بوو وتم: بێبەڵا بیت ئێوە دوو، ئێمەیش دوو، ئەمە چوار، فاتەکەش یەک، ئەمە پێنج، هێشتا هەر ئەترسی؟ لەگەڵ ئەمەم وت، زەلامەکە هەستا و ڕایکرد، ئیتر منیش بانگم کرد: خەڵکینە هەستن بۆ خاتری خوا، ئەو کابرایە ئەم ژنەی گا.

لە دەرودراوسێ چوار پێنج کەس خەبەریان بۆوە و وتیان: کوڕە کامەتە، زەلام؟ وتم: ئەوەتە ڕایکرد بۆ پشتی مزگەوت. وتیان: ژنەکە کامەیە؟ وتم: ئەو ژنە کە ناوی نازانم و ئامۆژنی فاتەکەیە!

وتی: ئیتر خەڵکێکی زۆر کۆبوونەوە ئێمەیش ڕامانکرد و دوور کەوتینەوە، خەڵکەکە چوونە سەر ماڵەکە، ئێمە لە دووری ئاوایی بووین گوێمان لێ بوو ژنەکە سوێندی ئەخوارد کە هیچ نەبووە و درۆیە. منیش بانگم کرد: خزمینە وەڵڵا و بیلا درۆ نییە ڕاستە! یەکێک لە ئاوایییەکە بانگی کرد وتی: تۆ کێیت؟ وتم: بە خوا من دزم. ئیتر شێخ ئەحمەد هەر مرد لە پێکەنینا، لەپاشا وتی: مردووت مرێ، تۆ بۆچ ئەم هەرایەت نایەوە، نەتهێشت شتێکمان دەست کەوێ؟ وتم: خزمە! بە خوا شتێک بە گەوادی دەستم کەوێ هەر نامەوێ. لەپاش ئەوە هەر کەسە چووینەوە بۆ ماڵی خۆمان و هیچمان دەست نەکەوت.