عەزیز ئاغای چاوقوڵی حەکایەتخوان نزیکی سەد ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  662 بینین

عەزیز ئاغای چاوقوڵی حەکایەتخوان، نزیکی سەد ساڵێک عەمری هەبوو، نەخۆش کەوتبوو، بێحاڵ بوو، پێی ئەڵێن: ئەوا حاجی ئەمینی ئەحمەد خێلە هاتە لات. بەو بێحاڵییە بە کوڕەکانی ئەڵێ: گورج سەرینێ بدەنە پاڵم و هەڵم سێنن، کە دانیشتم عەباکەم بکەنە بەرم... ئەوانیش بە گورجی وەکوو باوکیان وتوویە وەها ئەکەن، مەگەر لەگەڵ حاجی ئەمین ڕەقیان لە یەکتری بووە، کە حاجی ئەمین دێت ئەڵێ: ئاغا چلۆنی؟ ئاغا ئەڵێ: بە خوا شوکر چاک بوومەتەوە هیچ ناخۆشیم نەماوە. ئەوە ئێستا ئەچم بۆ بازاڕ... و ئەڵێ: ئا کوڕە غەنی، ڕۆڵە قەنەیەکم بۆ تێکە، قەنەی بۆ تێ ئەکەن و دەست ئەکا بە قەنەکێشان، وتیان حاجی ئەمین هەناسەیەکی هەڵکێشا و ڕۆیشت، هەر لە دەرگاوە چووە دەرەوە، ئیتر عەزیز ئاغا گیانی دەرچوو.