لە دەوری قاجارییەکانا قونسوڵی عوسمانی لە ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  724 بینین

لە دەوری قاجارییەکانا قونسوڵی عوسمانی لە «سنە» هەبوو، هەرکەس بچووایەتە ژێر بەیداخی ئەوانەوە، ئەبوو بە «تەبەعە». ڕەوشتی جێبەجێکردنی ئەم تەبەعەیەش ئەمە بوو؛ هەر کەس بیویستایە ببێ بە تەبەعە ئەچووە بەر «قونسوڵخانە» و ئەیوت: ئەبم بە تەبەعە. قاپیوانەکە ئەهاتە دەرەوە، پانجەیەکی تەڕ ئەکرد و ئەینا بە ناوچەوانییەوە و ئەیوت: بڕۆ تەبەعە بە!

وەستا باقری دەلاک چوو، بوو بە تەبەعە و لەپاشا چووەوە بۆ ماڵی خۆیان - ماڵیان لە گەڕەکی «جۆراوا» بوو - بە تووڕەیییەکەوە بانگی کرد لە حەنیفە خانمی ژنی، وتی: کچێ پاروێ نانم بۆ بێنە. حەنیفە خانمیش سەری سووڕما، وتی: پیاگە! ئەم زوانەت لە کوێ هاوردگە؟ وەستا باقر وتی: ئەڵێم پاروێ نانم بۆ بێنە قەحبەباب، ئەگینا هەڵئەستم بە خنجوکان پارچە پارچەت ئەکەم! حەنیفە خانم هاتەوە قسە و وتی: پیاگە بۆ ڕازی خوا، تۆ سنەیی، دایکت سنەیی، باوکت سنەیی ئەم زوانەت ئازا لە کوێ هاوردەوە؟ وەستا باقر ئەوەندەی تر تووڕە بوو، حەنیفە خانم ناچار ئیتر دەنگی نەکرد و وتی: قەی ناکا و نانی بۆ هێنا! دەور سووڕایەوە، تەبەعە وەک پێستە ڕێوی قیمەتی ئەکرد! ڕۆژێک حەنیفە خانم سەیری کرد وا وەستا باقر بە هەڵەداوان و تەپوکوت خۆی کوتایەوە بۆ ماڵەوە و کەنوویەکیان هەبوو، چوو لەوێ خۆی شاردەوە! حەنیفە خانم زانی چ باسە. چووە سەر کەنووەکە تەماشای کرد، وا وەستا باقر گورپەی کردووە، بانگی کرد: پیاگە هەستە وا لە دەرەوە قازانج داوات ئەکەن. وەستا وتی: بە قوربانت بم ژنەکە بێژە لێرە نییە! حەنیفە خانمیش وتی: هەستە سەگباب ڕاستەوە داوات ئەکەن. وەستا دیسان وتی: حەفت جار بێم بە دەورتا حەنیفە خانم گیان، بێژە بەسەر ئێوە نەهاتگەسەوە! حەنیفە خانم ئینجا وتی: قەحبەباب کوا خنجوکەکانت؟

جا حەنیفە خانم ئافرەتێکی عەنتیکە و گاڵتەچی بوو. ئەمەی هەر بۆ پەند لەگەڵ وەستا باقری مێردیا گێڕا، ئەگینا هیچ لە ئارادا نەبوو.