فەقێیەک گێڕایەوە وتی ساڵێک لەو کوێستانی ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  830 بینین

فەقێیەک گێڕایەوە وتی: ساڵێک لەو کوێستانی بانەیە زۆر سارد بوو، چوومە ژووری مزگەوتەکە بۆ نوێژکردن، بەیانیی زوو بوو، مزگەوتەکەش ئێگجار سارد بوو، نوێژەکەم بە پەلەپەل کرد و چوومە حوجرە، کونێک لە حوجرەکەدا بوو ئەیڕوانییە ژووری مزگەوتەکە. کابرایەکی ڕیش سپی هەبوو مام وەسمانیان پێ ئەوت، دەستنوێژی شۆردبوو ئاوەکە بە ڕیش و سمێڵییەوە ببوو بە زەنگوڵی سەهۆڵ، خێرا نوێژەکەی کرد و سەلامی دایەوە، منیش لە کونەوە وتم: وەرمان نەگرت!

کابرا سەیرێکی ئەم لا و ئەو لای خۆی کرد کەس دیار نەبوو، هەستا نوێژەکەی کردەوە، دیسان وتم: وەرمان نەگرت! سەیرێکی تری کرد، کەس دیار نییە زۆر سەری سووڕما، بەڵام لە سەرمانا هێزی تیا نەمابوو! بەناچاری هەڵسا نوێژەکەی کردەوە، هەمدیسان من وتم: وەرمان نەگرت و قبووڵ نەبوو! هەر هەستا و کردی بە پێڵاوەکانیا و بۆی دەرچوو، وتی:

وەرت گرت، وەرت نەگرت چاوت دەرئەهات و ملت ئەشکا، خۆ من لە سەرمانا زیڕەم کرد! وەرمان نەگرت، وەرمان نەگرت، جیکەنەیە، جیکەنەیە! دەموفڵقت خواتەوە، خۆی لەو ئاسمانەوە دانیشتووە و خەڵکی کردووە بە هەللاج!