کابرایەکی بێسەری گێڕایەوە وتی، باوکم وتی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  780 بینین

کابرایەکی بێسەری گێڕایەوە، وتی: باوکم وتی: ساڵێک بابە ڕەسووڵ ناردی بۆ لەشکر کە بچێ شەڕ لەگەڵ هەمەوەن بکا، ئێمەیش لەبەر دەست فەرعان ئاغادا بیست و چوار سوار هاتینە سولەیمانی، لە ماڵی بابە ڕەسووڵ دابەزین. ژوورێکی گەورەیان بۆ فەرش کردین و ئێوارە نانیان بۆمان هاورد، چی ئێرن؟ گێتکە، بەڵام گێتکە؛ هەر یەکە بە قەدەر تووتەڵەسەگێکی یەک مانگی خڕەکە، کە هەڵمان پچڕی ناوەکەی پڕ کرابوو لە برنج، وەکوو پڵاو، ئەوەندە گەندوگووی بۆنخۆشی تێکرابوو، هەروا پیاو وڕ ئەبوو، ئەوەندەمان خوارد، ئەوەندەمان خوارد هەتا لە لووتمان هاتەوە. شەو خزمەتکارەکەی بابە ڕەسووڵ لەو دیوەوە دەرگاکەی داخستبوو، لە نیوەشەوا ئیشی سەراومان بوو، ورد بووینەوە دەرگا داخراوە، چی بکەین، چی نەکەین؟ بوو بە گیز و هۆڕ، ناچار فەرشەکانمان هەڵدایەوە و ژێرەکەیمان پڕ کرد لە پیسایی، بەیانی فەرعان ئاغا ئەمەی دی، وتی: عەشرەت وەختی ڕاوەستان نییە. ئیتر هەر کەسە پەلاماری وڵاغی خۆی دا، سوار بووین بەرەو ماڵ تێمان تەقاند.