ساڵێک خێڵ ئەگاتە دەشتی شلێر هۆبەیەک چەند ڕۆژ ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  977 بینین

ساڵێک خێڵ ئەگاتە دەشتی شلێر. هۆبەیەک چەند ڕۆژێک لەوێ ئەمێننەوە، باران نایەڵێ بار کەن بچن بۆ کوێستان. کوێخایەکی ڕیش سپییان ئەبێ، ئەڵێ: کوڕینە با وە فێڵ بار کەین وە دزیی خواوە! ئەڵێن باشە. کابرا پاش خەوتنان هەڵئەستێ ئەچێتە سەر گردەکە و ڕوو ئەکاتە ئاسمان - ئەوا هەور و شریخ و هۆڕیشە - بە دەنگی بەرز ئەڵێ: بار ناکەین، بار ناکەین شریخ و هۆرت بوڕەوە! دەستیشی لە خێڵەکە هەڵئەتەکێنێ و بە بێدەنگ پێیان ئەڵێ: وە دۆڵا، دۆڵاودۆڵ بۆی بڕۆن!

لەو وەختەدا ئەیکاتە برووسکە و چەخماخە، کابرا ئەڵێ: ئێ، کوچکی تۆی لێ نەوارێ، ئەوە من ئێژم بار ناکەین کەچی ئەو تازە کوچک و چەخماخم بۆ هەڵئەکا وە شوێنمانا، وا ئەزانێ من درۆ ئەکەم!