کابرایەکی کورد ژنێکی هەبوو زۆر لات بوو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  689 بینین

کابرایەکی کورد ژنێکی هەبوو، زۆر لات بوو. زستان داهات، هیچیان نەبوو، قسەیان کرد بە یەک کە هەریەکەیان بچنەوە ماڵی باوکیان و بڵێن بووە بە شەڕمان و پێکمانەوە نامانکرێ. بۆ ئەوە ئەو زستانە خۆیان پێیانەوە بەخێو بکەن. لێیان دا ڕۆیشتن، کە کەوتە بەهار، پیاوەکە چوو بە شوێن ژنەکەیا و لە ماڵی خەزوورەکەیا بە فێڵ دەستی کرد بە قسەکردن ئەیوت: ژنەکەم لەگەڵم وەرەوە و من مێردتم ۆ خراپیم چییە بۆچ تۆراوی؟ ئەوا خەزوورەکەشی دانیشتووە و لەنگەرییەک ئاردەوایان بۆ کردوون لەگەڵ کوڕەکەدا پێکەوە ئەیخۆن. لەنگەرییەکە بەلای خەزوورەکەدا لار بۆتەوە هەرچی ڕۆنەکەیە کەوتووە بەلای ئەودا. ژنەکە چوو پەنجەیەکی هێنا بە ناوەڕاستی ئاردەواکەدا بۆ ئەوەی ڕۆنەکە بکەوێ بە لای مێردەکەیا و بە دەمیشیەوە وتی: بەخوا بابە تا دنیا ئاوا بێ من لەگەڵ ئەم مێردەم ناچمەوە.

باوکەش فێڵباز بوو. کە زانی وایە و کچەکەی بۆ ئەوە وای کرد کە ڕۆنەکە بکەوێ بە لای مێردەکەیا و ئەم شەڕ و هەرایانە درۆ بووە، کەوچکێکی هەڵگرت و ئاردەواکەی تێک دا و بە دەمیەوە وتی: بەخوا ڕۆڵە تا دنیا وا تێک چووبێ، تۆ ناچیتەوە لای ئەم مێردەت!