کابرایەک هەبوو لە هەولێر مستۆی وەستا...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  696 بینین

کابرایەک هەبوو لە هەولێر مستۆی وەستا چیچوویان پێ ئەوت، خەنە و وسمە و شتومەکی ئەفرۆشت لەناو گوزەرەکەدا، کابرایەکی دراوسێ - دووکانی هەبوو لە بەرانبەرییەوە. لە بەیانی تا ئێوارە هیچ ئیشیان نەبوو ئەوە نەبێ کە یەکێک بەوێدا تێئەپەڕی دەستیان ئەکرد بە قسە پێ وتن و تانوت لێدانی. کەس نەمابۆوە کە لە دەست ئەمانە دەرچێ و ڕزگاری بووبێ. ئینجا خەڵکەکە هەستان و چوونە لای بایزاغا - ئاغای هەولێر - شکاتیان لێ کردن. بایزاغا بانگی کردن پسولەی سەد لیرەی لێ سەندن، کە جارێکی کە قسە بە کەسیان نەڵێن کابراکان لە ترسی ئەم جەریمەیە ئیتر ببڕایببڕای ناوی کەسیان نەئەهێنا!

ڕۆژێک ئەوا قرچەی نیوەڕۆیە و دنیا زۆر گەرمە و کەس لە گەرمانا ئۆقرەی نییە، سەیریان کرد کابرایەکی کورد باوەشێ چەفتە و مشکیی بەستووە بە سەرەوە و مرادخانی و شەروالێکی ناوداری لەبەرایە، هەر لەبەر موسڵدانیەوە تا سەر سنگی پشتێنی تێ ئاڵاندووە، لە سەرەوە پەستەکێکی لەبەرایە، لەسەر ئەوەوە پاڵتۆیەک قۆڵی لە عەبایەکی چۆغەی شان سوورمەی زستانیش هەڵکێشاوە!

مستۆ کە ئەمەی چاو پێکەوت هەر لە دووکانەکەی داپەڕییە خوارەوە دەستی کابرای گرت و بانگی دراوسێ دووکانەکەشی کرد و وتی: ئاغا شەقم برد، ئەمە سەد لیرە جەریمەکە و با قسەی خۆم بکەم. ئاغا! لەم کابرایە بپرسە ئاوا عالەم لە گەرمانا ئەکوڵێ، ئەم هەموو جلە چییە لەبەری کردووە؟ ئاغایش جلوبەرگ و خۆپێچانەوەکەی کابرای بەلاوە زۆر سەیر بوو لەم قرچەی هاوینەدا. ئینجا مستۆ هاتەوە قسە، وتی: ئاغا من کە قسە ئەکەم وەنەبێ قسەکانم بێجێ و خۆڕایی بێ، قسە ئا لە شتی واوە ئەکەم. ئاخر دە پێی بڵێ سەگی سەگباب عالەم لەبەر گەرما پرۆزەی بە ئاسمانا ئەچێ تۆ بۆچ وەکوو یاپراخ خۆتت پێچاوەتەوە؟!

ئیتر ئاغا سەد لیرەکەی دایەوە بە مستۆ و وتی: بڕۆ سەربەست بە چی قسە ئەکەن لەگەڵ هاوڕێکەتا بیکەن، بۆم دەرکەوت قسەکانتان هەموو لە شوێنی خۆیانە.