ئافرەتێک گیسکێکی هەبوو سەری بڕیبوو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  681 بینین

ئافرەتێک گیسکێکی هەبوو سەری بڕیبوو، چووبوو بۆ کانی گۆزەیەک ئاو بهێنێ. کەلەشە گیسکەکەش لەوێ کەوتبوو، مەلایەکی حافز لە حەوشەکەدا بوو قورئانی ئەخوێند. بە مەلاکەی وت؛ ئاگایەکت لەو کەلەشە گیسکە بێ پشیلە نەیخوا تا دێمەوە. گۆزەی هەڵگرت و ڕۆیشت، کە گەیشتە سەر کانییەکە لەوێوە چاوی لێ بوو وا پشیلەیەک خەریکی گۆشتەکەیە، بانگی کرد: مامۆستا وا پشیلە گۆشتەکەی برد. مامۆستا لەسەرخۆ و بەهێمنی وتی: فوصصص! پشیلە گوێی نەدایە، گیسکی برد و ئافرەت گەیشتەوە، مامۆستا هێشتا فوصصصەکەی دوایی نەهێنابوو! وتی: مەلا! باوانت شێوێ بڵێ فس، ئەم فوص فوصە چییە؟ مامۆستا وتی: ئافرەت! تۆ نابێ تۆزێ ئەقڵت بێ؟ من چۆن قیرائەتی خۆم بۆ گیسکە لەڕێکی تۆ تێک ئەدەم؟