لەو کوردەوارییە فەقێیەک ئەچێتە گوندێک...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  607 بینین

لەو کوردەوارییە فەقێیەک ئەچێتە گوندێک، ئەبێ بە میوانی ماڵی مەلا، مەلا خۆی لە ماڵەوە نابێ، مەلاژن ڕایەخی بۆ ڕائەخا و نانی بۆ دائەنێ و بەخێرهاتنێکی جوانی ئەکا. فەقێ ئەپرسێ: مامۆستا لە کوێیە؟ مەلاژنیش ئەڵێ: بەقوربانت بم لە ئاوایییەکەمان شایییەک هەیە لەسەر شایییەکەیە. فەقێش لە دڵی خۆیا ئەڵێ چ قەیدی هەیە چووە نکاحەکە بکا ئەگەڕێتەوە.

زۆری پێ ناچێ مەلا دێتەوە، شتێکی درێژ لەژێر عەباکەیا ئەبێ، ئەیبا لەولاوە دایئەنێ و خۆی دێت دائەنیشێ و گەلێ بەخێرهاتنی فەقێکە ئەکا. فەقێ لە دڵیا ئەبێ بە گرێ، کە ئەو شتە درێژە چی بوو مەلا داینا. لێی ئەپرسێ: مامۆستا پرسیار عەیب نییە، هەرچەند بێ ئەدەبیشە، بەڵام ئەوە چی بوو لەولاوە داتنا؟ مەلاش ئەڵێ: کوڕم زووڕنا بوو! فەقێکە زۆر سەرسام ئەبێ، ئەڵێ: مامۆستا زووڕنای چی؟ ئەڵێ: ڕۆڵە لەسەر شایییەکە بووم، شایییەکەم بە زووڕنا بۆ ئەگێڕان! فەقێ زۆری لێ ئەکۆڵێتەوە. ئاخری ئەویش ئەڵێ: کوڕم نانی مەلایەتییەکە نامانبا بەڕێوە، ئەگەر زووڕنای بە دەمەوە لێ نەدەین ئیدارەی پێناکەین!