ئەڵێ سێ کابرای کورد هەبوون یەکێکیان چڵمن...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  727 بینین

ئەڵێ سێ کابرای کورد هەبوون یەکێکیان چڵمن، یەکێکیان کەچەڵ، یەکێکیان شەل. هاتن گرەویان کرد کە تا سەعاتێک نە چڵمنەکە لووتی بسڕێت، نە کەچەڵەکە سەری بخورێنێ، نە شەلەکەش قاچی ببزوێنێ!

چڵمن لەپاش تۆزێک ئاگری تێ بەربوو لەبەر چڵم. وتی: باوکم بەڕەحمەت بێ تیرەندازێکی زۆر زۆر دەست ڕاست بوو، تیری بۆ هەر شتێک بهاویشتایە سەری نەئەکرد. ئینجا هێنای دەستی چەپی درێژ کردەوە و دەستی ڕاستی بە بەر لووتیا بردەوە بۆ لای دەستی چەپی، خێرا خێرا ئەیهێنا و ئەیبرد ئەیوت: ئاواش تیرەکەی ئەهاویشت! بەو فێڵە خورووی لووتی خۆی دامرکانەوە.

کەچەڵەش وتی: بە خوا برا دنیا دەوران دەورانە - هەردوو دەستی خۆی توند برد بۆ سەری خۆی و کڵاوەکەی گرت و هەر لە سەریا خێرا خێرا ئەیسووڕاندەوە - باوکی ڕەحمەتیت ڕۆیشت، ئێستا تۆ بەم سەر و گوێلاکەوە لە شوێنی بەجێماوی! ئەویش بەم جۆرە خوروری سەری خۆی شکاند. کابرای شەلەش کە ئەمەی چاو پێ کەوت قاچەکەی بەرز کردەوە و وتی: پیاوی درۆزن ئەم قاچەم بە قنگی! کەی وابوو؟!