مەلایەک لە دێیەکا وەکوو عادەتی کوردەواری...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  673 بینین

مەلایەک لە دێیەکا وەکوو عادەتی کوردەواری ڕۆژی جەژن بوو لەگەڵ ئەهلی جاماعەتەکەی چوونە جەژنە پیرۆزەی ماڵەکان. ئەچوونە هەر ماڵێک ئەبووا شتێکیان هەر بخواردایە. مەلا ئەوەندەی خواردبوو، لەپێ کەوتبوو! گوێدرێژێکیان هێنا سواری بوو، کەوتە پێشیان!

ماڵی پیرێژنێک لە خواری ئاوایییەوە مابوو، چوونە ئەوێش. مەلا وتی: دانانیشین. هەر بەسەر پێوە جەژنە پیرۆزەی لێ ئەکەین و ئەگەڕێینەوە. کە چوون ئیتر نە ئەو دابەزی و نە خەڵکەکەش دانیشتن هەر لە بەر قاپێکەوە جەژنە پیرۆزەیان کرد و دوا بوونەوە.

پیرێژن هاتە دەرەوە و وتی: لە دەورتان گەڕێم ئاخر دانیشن، پارووە نانێک بخۆن. خەڵکەکە وتیان ناخۆین ناتوانین. مەلا پرسی: چیتان هەیە؟ پیرێژن وتی: لە دەورت گەڕێم شیرەوایە. مەلا وتی: کە واتە سەری کەرەکە بسووڕێنەوە سووکە!