لە قسەی گوێ ئاگردانی کوردانە ئەڵێ دنیا...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  669 بینین

لە قسەی گوێ ئاگردانی کوردانە ئەڵێ:

دنیا زستان بوو، بەفر لە زەویدا بوو، ڕێوییەک و ورچێک، هەریەکە سێ بەچکەیان هەبوو، بوون بە دەستە برا و چوونە ئەشکەوتێکەوە، بەو نیازە تا زستان ئەڕوا ببن بە یەک ماڵ! ورچە هەموو ڕۆژێک ئەچووە دەرەوە شتێکی پەیدا ئەکرد، ئەیهێنایەوە خۆی و بەچکەکانی ئەیانخوارد. ڕێوی لەبەر بەفر دەرودەشتی پێ نەئەکرا، خۆی و بەچکەکانی لە برسا لات کەوتبوون! ڕۆژێک ورچە لە ماڵ نەبوو، ڕێوی برسێتی زۆری بۆ هێنا. چوو یەکێ لە بەچکەکانی ورچەی هێنا، خۆی و بەچکەکانی خواردیان و دەم و لێوی خۆیان سڕییەوە! ئێوارە ورچەکە هاتەوە ڕێوی بە نووکەنووک چووە پێشوازییەوە و وتی: یەکێ لە بەچکەکانمان نەماوە! ورچەکە هاتەوە سەیری بەچکەکانی کرد، دەستی کرد بە بۆڕەبۆڕ و گریان، ڕێویش لەگەڵیا!

زەمانێکی تری پێ چوو، دیسان ورچە لە ماڵ نەبوو ڕێوییەکە چوو یەکێکی تر لە بەچکەکانی هێنا و خۆی و بەچکەکانی خواردیان و دەم و لەوسی خۆیان سڕییەوە! ئێوارە کە ورچە هاتەوە ڕێوی بە نووزەنووز چوو بە پیریەوە و وتی: یەکێ لە بەچکەکانمان دیسان نەماوە! ورچە وتی: لە هینەکان من یا هینەکانی تۆ؟ وتی: نازانم ئەوەندە ئەزانم لە سەرزلە خڕەکان نەماوە! ورچە هات و تەماشای کرد لە بەچکەکانی ئەوە، دیسان خۆی نایە قوڕ و کەوتەوە بۆڕەبۆڕ، ڕێویش لەگەڵیا!

دوو بەشی زستان ڕۆیشت، دیسانەوە ڕۆژێک ورچە لە ماڵ نەبوو، ڕێوی چوو تاقە بەچکە ورچێک مابوو ئەویشی هێنا و لەگەڵ بەچکەکانی خۆیا شەقوپەقیان کرد، خواردیان و دەم و لێوی خۆیان سڕییەوە!

ئێوارە کە ورچە هاتەوە ڕێوی خۆی نایە قوڕ و هەر لە دوورەوە بە گریان و باوکەڕۆ ڕووی کردە ورچە. ورچە پرسی: ئەوە چییە؟ وتی: بە خوا ئاغا دیسان دانەیەکی تر لە بەچکەکانمان نەماوە! ورچە وتی: لە هینەکان من یا هینەکان تۆ؟ - ئەوا ئیتر بەهاریش هات و دنیا ڕەشایی تێکەوت - ڕێوی خۆی تووڕە کرد و وتی: بێقەزا بیت من ئەم زستانە هیچ دەنگم نەکرد و هەر دامە سک، ئەم من من و تۆ تۆیە چییە ئەیکەی؟ بڵێ بەچکەکانمان، ئیتر ئەمە چییە؟ تازە جارێکی کە من ئەم هاوڕێتی و یەکماڵییە ناکەم بە دوعا! ئەمەی وت و لەگەڵ بەچکەکانی خۆیا خۆیان دەرباز کرد!