کابرایەک لەگەڵ کاروان چووبوو بۆ سنە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  642 بینین

کابرایەک لەگەڵ کاروان چووبوو بۆ سنە، لە بازاڕ تووشی ناسیاوێکی هات، وتی: ئێوارە بۆ نان خواردن وەرە بۆ ماڵی ئێمە. ئێوارە کابرا هەڵسا بچێ بۆ ماڵەکە لە ڕێگا تووشی هاوڕێیەکی بوو، وتی: بۆ کوێ ئەچی؟ وتی: ئەچم بۆ ماڵی فڵان کەس. وتی: پیاوی چاک بە، ئەمنیش لەگەڵ خۆت بەرە. وتی: باوکم ئەو پیاوە هەر خۆمی بانگ کردووە تۆ ببەم بڵێم چی؟ وتی: بڵێ برامە! لێیاندا ڕۆیشتن، لە ڕێگەدا تووشی ناسیاوێکی تر هاتن، پرسی: بۆ کوێ ئەچن؟ کابرا وتی: فڵان کەس منی بانگ کردووە. پرسی: ئەی ئەمە چییە لەگەڵت؟ وتی: وەڵڵا ئەڵێ منیش بەرە و بڵێ برامە. کابرا وتی: کە واتە منیش دێم با بڕۆین لەوێ بڵێ کوڕمە!

چار ناچار لێیاندا ڕۆیشتن. لە ڕێگا تووشی یەکێکی تر هاتن، پرسی: خێرە وا یەکتان گرتووە؟ وتی: وەڵڵا من لە ماڵی فڵان کەس بانگ کراوم، ئێستا وا ئەمانەش هاتوون هەر یەکە ناوێکیان بۆ خۆیان دۆزیوەتەوە. وتی: یاڵڵا با بڕۆین منیش دێم! کابرا وتی: باوکم ئەوا ئەمە کوڕمە و ئەمەش برامە، تۆ بکەم بە چی؟ وتی: بڕۆ خاوەن - ماڵەکە خۆی ناوم بۆ ئەدۆزێتەوە!

هەر چواریان چوون. خانەخوێ وتی: ئەرێ برا من هەر تۆم بانگ کردبوو ئەمانە چین لەگەڵت؟ وتی: لێیان بپرسە خۆیان پێت ئەڵێن. ڕووی کردە یەکێکیان وتی: برا تۆ چیت؟ وتی: من برایم. لەوی تریانی پرسی: ئەی تۆ چیت؟ وتی: قوربان منیش کوڕیم. کابرا ئیتر ورگی ئاوسا و پێی هەڵنەگیرا، ڕووی کردە ئەوی ئاخر وتی: ئەی کەرانباوگاو تۆ چیت؟ گووخۆریت؟! کابرا ڕووی کردە هاوڕێکانی وتی: نەموت خۆی ناوم بۆ ئەدۆزێتەوە؟!