کابرایەکی حەکیم هەبوو کوڕێکی فێری پزیشکی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  944 بینین

کابرایەکی حەکیم هەبوو کوڕێکی فێری پزیشکی ئەکرد، بۆ ئەوەی ئەگەر جار جار بهاتنایە بە شوێنیا بۆ سەر نەخۆش خۆی پیر بوو کوڕەکەی بناردایە. ڕۆژێک هاتن بە شوێنیا بۆ ئەوەی بچێت بۆ سەر نەخۆشێک، کابرا کوڕەکەی نارد. کوڕ، کە چوو هیچی لە نەخۆشیی نەخۆشەکە نەئەزانی هەر ئەوەندە نەبێ وتی: تەم دەروونی ئەگرێ ئاوی ساردی بدەنێ با بیخواتەوە. هێنایان ئاویان دا بە نەخۆش، هەر دایانێ و خواردیەوە. نەخۆش وەڕەس بوو، وتی: بۆخاتری خوا چیم لێ ئەکەن؟! ئەم هەموو ئاوە چییە من ناتوانم! کوڕە حەکیم وتی: ئێوە بە گوێی مەکەن بیدەنێ.

ئینجا بە زۆر ئەیانکرد بە گەروویا! نەخۆشی قوڕبەسەر هەناسەی لێ بڕا، ئیتر جێگە نەمایەوە ئاوی تێکەن. کوڕە حەکیم وتی: ئەوە بۆ چی نایدەنێ؟ وتیان: ورگی پڕ بوو، جێگە نەماوەتەوە. وتی: بۆ چی من حەکیمم یان ئێوە؟ بێنن لە خوارەوە دەستووری کەن بە ئاوی سارد! دەستیان کرد بە دەستوورکردنی! کتوپڕ ئەوەندەیان زانی شەقەیەک لە ورگی کابراوە هات، کە سەیریان کرد وا ورگی شەقی برد و ئەو بەو ناوەدا فیچقەی کرد!

کابرای نەخۆش بە ئاو مرد و کوڕە حەکیم هاتەوە بۆ لای باوکی، کارەساتەکەی بۆ گێڕایەوە. باوکی وتی: ئاخر تۆ بۆ چی وات کرد؟ وتی: بابە هیچم لێ نەزانی. لە ئاو بێمزەڕەتترم نەدۆزییەوە بۆی، ئاویش ئەو کەتنەی کرد!

ئێنجا باوکی وتی: ڕۆڵە تۆ کە ئەچیتە سەر نەخۆشێک هەر کە چوویتە حەوشەکەیانەوە لەپێشا چاوەچاو بکە بزانە چی کەوتووە؛ پەڕە مریشک، توێکڵە هێلکە، توێکڵە شووتی، چی کەوتووە، کە چوویتە سەری و نەبزت گرت بڵێ ئەم نەخۆشە ئەو شتەی خواردووە بۆیە نەخۆش کەوتووە، جارێ هیچی مەدەنێ هەتا ئێوارێ خۆم دێمەوە، بۆ ئەوەی ئەو شتە هەزم بکا، ئەو وەختە دەرمانی ئەدەمێ ئەوسا کە هاتیەوە شتەکە بۆ من بگێڕەوە من دەرمانەکەت پێ ئەڵێم و کە چوویتەوە ئەیدەیتێ. ئیتر ئەمەیە حەکیمی. وتی: باشە بابە.

ڕۆژی دوایی لە ماڵێکی گەورەوە هاتن بە شوێن حەکیمەکەدا بۆ سەر نەخۆشێک، حەکیمیش کوڕەکەی نارد و پێی وت ئامۆژگارییەکەت لەبیر نەچێتەوە. کوڕە کە چوو، چووە حەوشەوە چاوەچاوی کرد شتێکی وای بەرچاو نەکەوت تەنها کورتانە کەرێک نەبێ کە دانرابوو! چووە سەرەوە نەبزی نەخۆشەکەی گرت و وتی: ها! ئەمە گۆشتی کەری خواردووە بۆیە نەخۆش کەوتووە! هەتا ئێوارە هیچی مەدەنێ با گۆشتەکە هەزم کا ئەو وەختە خۆم دێمەوە دەرمانی ئەدەمێ!

ئیتر هەڵسا و هاتەوە بۆ لای باوکی. ئەهلی ماڵەکەش هەموو لەم حەکیمییە سەریان سوڕما. بە باوکی وت: بابە ئەو نەخۆشە گۆشتی کەری خواردبوو بۆیە نەخۆش کەوتبوو، جا تۆش دەرمانەکەی بۆ بڵێ! باوکی وتی: چلۆن؟ وتی: بابە هەرچەند چاوەچاوەم کرد هیچم بەرچاو نەکەوت؛ نە توێکڵە شووتی، نە هەنار، نە هێلکە، تەنها کورتانە کەرێ دانرابوو. دیارە ئەوە گۆشتی کەری خواردووە بۆیە ئەو کورتانە لەوێ کەوتبوو!

ئێنجا باوکی وتی: بەخێر بێیتەوە ڕۆڵە! ئێوارە کە چوویتەوە بۆ سەری بڵێ: دەرمانی ئەو کەسە کە گۆشتی کەر بخوا ئەوەیە مێشکی پیاوی کەری دەرخوارد بدرێ ئەو وەختە چاک ئەبێتەوە!